دوو چالاکی سیاسی کورد لە وڵاتی ڕۆمانی و سوئێد مەترسی ڕادەستکردنەوە بۆ ئێرانیان لەسەرە.
بە پێی هەواڵی چاونیوز،”کاوان حەیدەری”، ئەندامی حیزبی دێموکرات بۆ جاری دووهەم لە پارێزگای “مونشن”، لە وڵاتی ئاڵمان لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کراوە و دەیانهەوێ دیپۆرتی ڕۆمانی کەنەوە.
وڵاتی ڕۆمانی جاری پێشوو بڕیاری دابوو “کاوان حەیدەری” ڕادەستی ئێران بکاتەوە کە بە هەوڵی هەموو لایەک بوو بە هۆکاری پێشگرتن لەو جینایەتە، بەڵام دواتر کاوان گەیشتەوە ئاڵمان و ئێستاش تووشی ئەم چارەنووسە دژوارە بووە.
نابراو ئێستا لە کەمپێکی داخراوی وڵاتی ڕۆمانییە و پێی گوتراوە کە بەو زوانە ڕادەستی تورکیە یان ئێران دەکرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەید زەکەریا حوسێنی” چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکرات، دوای ٩ ساڵ مانەوە لە وڵاتی سوئێد داوای پەنابەرییەکەی ڕەتکراوەتەوە و لەلایەن ئیدارەی پەنابەرانی سوئێد پێیان ڕاگەیاندووە، دەبێ خاکی ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵیت دەنا ڕادەستی ئێران دەکرێتەوە.
شایانی باسە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا وڵاتی تورکیە پەناخوازێکی کورد بە ناوی “عادڵ بەهرامی” ڕادەستی ئێران کردەوە کە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی ئەو کەسە لەبەر دەست دانییە، هەروەها دوای نزیک بە دوو مانگ وێڕای هەوڵ و ماندووبوونی کەسانی دڵسۆز و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چارەنووسی “جەلال پیرۆتی” لە وڵاتی یۆنان ناڕوونە ناوبراو لەلایەن ئێرانەوە داوای کراوە و ئێستا لە زیندانێکی وڵاتی یونان دەسبەسەر کراوە.