چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە دوای دوو مانگ لە دەستبەسەر کرانی، هێشتا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پاش دوو مانگ لە دەستبەسەر کرانی خەبات مفاخری، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە، هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگیراوە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگادار بوون لە دۆخی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسە کە کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی،هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ”خەبات مفاخری“ و دەستبەسەریان کردووە.
هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەکاتی دەستبەسەر کردن ناوبراویان داوەتە بەر لێدان و کوتان و ماڵەکەیان پشکنیوە و مۆبایلی خۆی و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بە سەردا گیراوە.
خەبات مفاخری ژینگەپارێز و ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان بووە و بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران دەستبەسەر کراوە.