محەممەد قادرپوور، باوکی شەهید”محەممەد ئەمین قادرپوور” و تاهیر قادرپوور”ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، کاک “محەممەد قادرپوور” کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و باوکی شەهید “محەمەدئەمین قادرپوور” و باوکی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک “تاهیر قادرپوور” لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا، لە شاری بۆکان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک محەممەد کەسایەتیەکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدۆست و جێگای ڕێز و متمانەی خەڵکی ناوچەکە بووە و لە ڕێگای ئازادی گەل و نیشتمانەکەیدا کوڕێکی بە ناوی شەهید”محەممەد ئەمین قادرپوور” پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردووە.
شایانی باسە کە شەهید”محەممەد ئەمین قادرپوور” ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئێعدام دەکرێ و کوڕیکی دیکەی بە ناوی” تاهیر قادرپوور” ساڵانێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە و ئیستا یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی حیزبی دێموکراتە لە دەرەوەی وڵات.
جێگای ئاماژەیە کە کاک محەممەد قادرپوور بە هۆی ئەوەیکە باوکی شەهیدێک و باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە، بەردەوام لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە بانگهێشتی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان کراوە و ئازار و ئەشکەنجە دراوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی کاک” محەممەد قادرپوور” سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕیزیان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.