دوو کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار بوون.
بە پێی هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردوە و کۆڵبەرێک بریندار بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کۆڵبەرێک بە ناوی “باست محەمەدی” خەڵکی گوندی نەنۆڕی بانە لاقی پێکراوە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشكی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گوازراتەوە.
لەلایەکی دیکەوە و هاوکات، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەرزاییەکانی قەندیل لە سەر سنووری پیرانشار تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە، لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران کۆڵبەرێک بە ناوی “حەمید ئەحمەدی” بە سەختی بریندار بووە و بۆچارەسەری پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پیرانشار.