ئەندامێکی شۆرای باڵای نیزام پزیشکی ئێران ڕایگەیاند کە بەشێک لەو ماسکانەی کە دێنە نێو بازاڕەوە بێ کەڵکن و هێچ ئیستانداردێکیان تێدا ڕەچاو نەکراوە و لە لایەکی دیکەوە خەڵک بە هۆی باری ئابووری خراپەوە ماسکێک چەندین جار و چەندین ڕۆژ بەکار دێنێ، لە کاتێکدا لانی زۆری کەڵک وەرگرتن لە ماسکێک بە شێوەی ئیستاندارد ٤ کاتژمێرە.
حوسێن قشلاقی، ئەندامی شۆرای باڵای نیزام پزیشکیی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، بە ئاماژە بەوەیکە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەبوونی بەڕێوەبەرییەکی کارامە و لێزان ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسیدارتر دەبێتەوە، بە هەواڵدەری “مێهر”ی ڕاگەیاند کە ئەم دۆخە نالەبار و پرمەترسییەی ئیستا پێشتر لە لایەن کارناسان و پسپۆڕانەوە چاوەڕوان کراو بوو و هۆشداریشیان لە هەمبەر مەترسیدار بوونی ئەم پەتایە بە بەرپرسانی باڵای حکوومەت ڕاگەیاندووە.
ناوبراو دەڵێ: بە بەرواورد لە گەڵ وڵاتانی دیکەدا ئاماری گیانلەدەستدان لە ئێران زۆر کەمە، بەڵام ئەمە ڕاستییەکە نییە ئاماری گیان لە دەستدان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ئەوە نییە کە وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەینێ، وەزارەتی تەندروستی تەنیا ئەو ئامارانە ڕادەگەێنی کە پێشتر تێستی کۆرۆنایان بۆ کراوە بە ئاماری گیانلەدەستدان بە ئەژمار دێنێ و ئەوانەشی کە بە هۆی کەمی کەرەستەی پزیشکیەوە تێستیان بۆ ناکرێ و بە هۆی پەتای کۆرۆناوە گیانلەدەستدەدەن لە ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی بڵاوناکرێتەوە.
حوسێن قشلاقی، بە ئاماژە بەوە ئامارانەی کە لە لایەن هێندێک بەرپرسانەوە بە شێوەی نافەرمی بڵاو دەبێتەوە وتی: بە پێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی کادری دەرمانی و هەروەها بە پێی ئاماری ئەو کەسانەی کە دەیاننێژن دەتوانین بڵێین ئاماری گیانلەدەستدان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە ئێران ٤ هێندەی ئەو ئامارە فەرمیانەیە کە ڕادەگەیندرێ.
ناوبراو ناکارامەی و نابەرپرس بوون و شارەدنەوەی ڕاستییەکان لە لایەن بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە بە هۆکاری سەرەکیی تەشەنە سەندنی ئەم پەتایە ناو دەبا.
شایانی باسە کە پەتای کۆرۆنا لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە پەرەسەندن دایە و ئاماری گیان لە دەستدان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە ئێران ڕوو لە هەڵکشانە.