” کاکە مەم فەخری سامی” ناسراو بە “کاکەمەم بۆتانی”، سەرۆکی یەکیەتیی نووسەرانی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزڵوەری ٩٩ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد.
کاک مەم بۆتانی نووسەر و ئەدیب و سیاسەتمەداری ناوداری کورد، بە ئامادە بوونی چەندین نووسەر، کەسایەتی سیاسی، بنەماڵەکەی و خەڵکی شارەکە لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان بە خاک سپێردار.
کاکەمەم بۆتانی ساڵی ١٩٣٧ لە شاری کۆیەی باشوری کوردستان لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە و سلێمانی، دواناوەندیی لە کەرکووک و خوێندنی باڵای لە بەغدا تەواو کردووە.
یەکەم چیرۆکی “کاکەمەم بۆتانی” لە ساڵی ١٩٥٧ی زایینی چاپ و بڵاو کرایەوە. ناوبراو بە یارمەتیی ژمارەیەک لە ئەدیبانی کوردی بەغدا، توانی لە ساڵی ١٩٧٠ بە فەرمی یەکیەتیی نووسەرانی کورد دامەزرێنێ.
لە ساڵی ١٩٩٣ هەتا ٢٠٠٠، وەکوو ڕاوێژکاری ڕووناکبیری لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە.
کاکەمەم بۆتانی” لە بوارەکانی کۆمەڵە چیرۆک و کورتیلە چیرۆک، ڕۆمان، پەخشانە شێعری شیوەن، مێژووی سیاسی، ژیاننامە، بیرەوەری و بەسەرهاتی نووسەران و هەروەها ئابووری و ئامار، چەندین بەرهەمی هەیە.