لە ئێران ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت پۆلیسێکی ڕێژیمی ئێران لە شاری مەشهەدی سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی لاوێکی بە کۆڵەکەیەکەوە کەلەپچە کردووە و ئەشکەنجەی دەدات و هەر بەو هۆیەوە دەمرێت.
بنەماڵەی کوژراوەکە دەڵێن کە کوڕەکەیان بەر لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە مردووە، ئێستا ئەوان لە دادگای خۆراسانی ڕەزەوی سکاڵایان تۆمارکردووە.
کوڕە لاوەکە ناوی “مێهرداد سپێهری”یە و لە ڤیدیۆکەدا دیارە دەستەکانی بە کۆڵەکەیەکەوە کەلەپچە کراوە و پۆلیسێکیش بە ئامێری شۆکی کارەبایی و گازی فرمێسکڕێژ ئەشکەنجەی دەدات.
یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کوژراوە بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاندووە کە مێهرداد بەهۆی هەناسەتەنگیی بە گازی فرمێسکڕێژەوە لەنێو ماشینی پۆلیسدا مردووە.
بەپێی وتەی بنەماڵەی مێهرداد، پزیشکی دادوەری بە شێوەی زارەکی بەڵگەی مردنی پشتراستکردووەتەوە، بنەماڵەکەی دەڵێن کە مێهرداد کاتێک بێهۆش بووە بە ماشینی پۆلیس گوازراوەتەوە.
شایانی باسە کە ئەو ڤیدیۆیانەی لەکاتی ناسینەوەی لاشەکەدا گیراون، کاریگەریی لێدان و برین بەسەر لاشەکەوە دەردەخەن.