پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی کەوتنە خوارەوی چەندین فڕۆکەی بێ فڕوکەوان و هاویشتنی چەند مووشەک بۆ سنوورەکانی ئێران لە لایەن ئازەربایجان و ئەرمەنستانەوە، هەواڵدەرییەکانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، هەواڵی جێگیر کردنی چەکوچۆڵ وسەردانی فەرماندەیەکی باڵای سپای پاسدارانی بۆ ناوچە سنوورییەکان بڵاو کردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری “تەسنیم” محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزەکانی سپای پاسداران، کە سەردانی ناوچەی سنووری ئازەبایجان کە هاوسنوورە لە گەڵ ناوچەی شەڕی ئەرمەنستان وئازەربایجان “قەرەباغ” لە شاری سنووری”خودا ئافەرین”ی کردبوو، وتی: “ناردن و جێگیر کردنی هێزەکانمان لە سنوورەکان بۆ پاراستنی خاکی ئێرانە و ئەگەر هێرشەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ئێمە بەردەوام بێت ئەوە ئێمەش وڵامی هێرشەکانیان دەدەینەوە”.
پاکپوور دەڵێ: “سەرەڕای ئەوەیکە چەندین مووشەکی شەڕی قەرەباغ کەوتوونەتە نێو خاکی ئێران، بەڵام سنوورەکانی ئێمە پارێزراون و هێچ مەترسییەکیان لە سەر نییە.”
لەم ڕاپۆرتەی هەواڵدەری “تەسنیم”دا هاتوە کە لە کاتی دەسپێکردنی شەڕ لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان، چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی هەردوو وڵاتەکە لە سەر سنوورەکانی ئێمە کەوتونەتە خوارەوە و چەندین مووشەکیش بەر شاری”خودا ئافەرین” کەوتوون.
پێشتریش لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا “سەعید خەتیب زادە” وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند بوو کە دەبێ هەر دوو لایەنی شەڕەکە یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەچاو بکەن سەروەری خاکی ئێران بپارێزن.
هەروەها سەعید خەتیب زادە بە زمانی هەڕەشەوە دەڵێ: “هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی ئێران تەنانەت ئەگەر بە ئەنقەستیش نەبێ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وڵامێکی توندی پێدەدرێتەوە”.