ئەرتەشی تورکیە کە بەشی زۆری پارێزگای ئیدلێبی لە باکووری سووریە لە دەستدایە، بە پێدانی پارە خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕەوانەی شەڕی لیبی و قەرەباغ دەکا
کاناڵی یەکی تەلەڤیزیۆنی ئاڵمان لە ڕاپۆرتێکدا کە رۆژی هەینی ٢ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، بڵاویکردۆتەوە ، چاوپێکەوتنی لە گەڵ ژمارەیەک لەو چەکدارە سووریانە کردووە.
یەکێک لەو چەکدارانە ڕایگەیاندووە بە بەڵێنی درۆ و فریودەرانە بەتایبەت بە بیانووی پاراستنی سنوورەکان ئێمەیان ڕەوانەی ئەو ناوچانە کردووە و لەوێ ناچار بوون لە ڕیزی پیشەوەی بەرەکانی شەڕ دابن.
چەکدارێکی دیکە ڕایگەیاندووە، دوای ئەوە دەگەنە مەیدانی شەڕ، دەکەونە بەر هێرشی تۆپباران و زۆربەیان دەکوژرێن و بریندار دەبن و بەشێکیشیان کەم ئەندام دەبن.
ژمارەیەک لە بەکرێگیراوە تێرۆریستەکانی تورکیە ڕایانگەیاندووە کە ئەزموونی چوون بۆ بەرەکانی شەڕیان نەبووە و هەست دەکەن تورکیە وەک گۆشتی دەمی تۆپ کەڵکیان لێ وەردەگرێت.
فەرماندەیی هێزەکانی تورکیە لە لیبی و ناوچەی کوێستانی قەرەباغ بە دەستی ئەفسەرانی تورکیەوەیە بەڵام، زۆربەی شەڕکەرەکانی ڕیزەکانی پێشەوەی شەڕ سوورین و بەشی زۆریان خەڵکی ئیدلیبن.
هێندێک لە چەکدارە سووریەکان بە کاناڵی یەکی ئاڵمانیان گوتووە کە هێزە چەکدارەکانی تورکیە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئیدلیب بەڵێنی ئەوەیان پێداون، مانگانە ٢٠٠٠ دۆلاریان پێدەدەن و پێیان گوتون ئەرکەکانیان تەنیا نیگابانیە و نانێردرێن بۆ بەرەکانی شەڕ.
شایەتحاڵەکان دەڵێن، ئەو کەسانەی ئاوا کۆدەکرێنەوە، دوای ئەوەی موبایلەکانیان لێ وەردەگیرێت، لە ڕێگەی تورکیە و بە فرۆکەی سەربازی یان نەفەرهەڵگر بۆ باکو یان تەرابلۆس دەگوازرێنەوە.
چاودێری مافەکانی مرۆڤی سووریە دەڵێ هەتا ئێستا لانیکەم ١٢٦ چەکداری سووری لە شەڕی قەرەباغ کوژراون.