پێشمەرگەیەکی دێرین و کەسایەتییەکی خۆشناوی شاری بانە بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٢ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات و کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری شاری بانە بە ناوی ” حاجی مستەفا خدری” لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا و بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە ئاواتەکەی لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە حاجی مستەفا خدری ساڵی ٥٨ی هەتاوی چەکی شەرەف و بەرگری لە گەل و نیشتمانەکەی کردە شان و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا ڕووبەڕووی داگیرکەران وەستایەوە و تا ساڵی ٦٤ی هەتاوی لە هێزی “شەهیدانی وێردی” بۆ ماوەی ٦ ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو، پاشان بە هۆی دۆخی بنەماڵەکەیەوە گەڕایەوە شاری بانە و درێژەی بە ژیانی خۆی دا و تا دوا چرکەساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە و ڕزگاری نەتەوە و نیشتمانەکەی ئاوات و ئامانجی هەمیشەی بوو.
جێگای ئاماژەیە کە حاجی مستەفا خدری لە بنەماڵەیەکی حیزبی و خۆشناوی ناوچەی بانە و جێگای ڕێزی خەڵکی ناوچەکە و خاڵی کاک کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی حاجی مستەفا خدری، پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان وخزم و کەسوکاری و بە تایبەت بەڕیز کاک کەماڵی کەریمی ئەندامی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەین و شەریکی خەمیانین.