بەرپرسانی ئەمریکایی بە ڕۆژنامەی”واڵ ئێستریت جورناڵ”یان ڕاگەیاندوە کە ڕێکخراوەکان و کەسایەتییە ئێرانییەکان دەکەینە ئامانج و گەمارۆی نوێیان بە سەردا دەسەپێنین.
ڕۆژنامەی واڵ ئێستریت جورناڵ، ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دەوڵەتی “دوناڵد ترامپ” سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە هەوڵ دایە تا پێش لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا،گەمارۆی نوێ بسەپێنێت بە سەرڕێژیمی ئێراندا.
ئەم ڕۆژنامەیە ڕایگەیاند کە گەمارۆ تازەکانی ئەمریکا بە دژی ڕێژیمی ئێران، درێژەی ئەو گەمارۆیانەیە کە ئەمریکا بە ناوی” ئەو پەڕی گوشار ” بە دژی تاران بە کاری دێنێ.
هەروەها ئەم ڕۆژنامەیە ڕایگەیاند کە سەپاندنی گەمارۆ تازەکانی ئەمریکا بە سەر ڕێژیمی ئێراندا، پێش لە هەموو هەوڵێک دەگرێ کە لە داهاتوودا ڕێژیمی ئێران بیهەوێت ئەم گەمارۆیانە لە سەر خۆی لا ببات.
بەرپرسانی ئەمریکایی بە ئەم ڕۆژنامەیانە ڕاگەیاندوە کە ئەم گەمارۆ نوێیانەی ئەمریکا بۆ سەر ڕێکخراوەکانی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسە گەندەڵەکانی گەمارۆکانی پێشتریش دووپات دەکاتەوە کە دەوڵەتی ئەمریکا بە سەر ڕێژیمی ئێرانیدا سەپاندبووی.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا، پیشەی پێترۆشیمی، کانگاکان و بەتایبەتی ناوەندە هەستییارەکانی ڕێژیم وەکوو دامەزراوە ناوکییەکان و هەروەها وزەی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی دەگرێتەوە.
لە درێژەی ئەو گوشارانەدا ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر باڵوێزی ئێران لە عێراق و ٥ ڕێکخراوی دیکەی ئێرانی.
ئیرج مەسجدی، یەکێک لە مۆرەکانی نزیک لە قاسم سلێمانی و خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە و بە هۆی دەور ونەخشی تێکدەرانەی و درێژە پێدان بە سیاسەتە ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق گەمارۆی خراوەتە سەر.
وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە١ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی،ڕایگەیاندکە ئیرج مەسجدی، باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە بەغدا، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و بەم هۆیەوە خستیە نێو لیستی گەمارۆکانیەوە.
هەروەها وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر ٥ ڕێکخراوی ڕێژیمی ئێران، کە دەیانویست دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئەمریکادا بکەن.
دەوڵەتی ئەمریکا لە هەمبەر کارو هەوڵەکانی ئەم ڕێکخراوانە ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی ئێران هەوڵی داوە کە لە ڕێگای ئەم ڕێکخراوانەوە دووبەرەکیی و ئاژاوە بخاتە نێو دەنگدەرانی ئەمریکایی و بەم جۆرە هەوڵی دەستێوەردانی لە کاروباری نێوخۆیی ئەمریکا داوە.
ئیرج مەسجدی، یەکێک لە مۆرەکانی نزیک لە قاسم سلێمانی تێرۆریست و خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە و بە هۆی دەور ونەخشی تێکدەرانەی و درێژە پێدان بە سیاسەتە گڵاوەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق گەمارۆی خراوەتە سەر.
ئێستیڤ مێنوچێن، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بە دانانی پاسدارەکانی سپای قوودس وەکوو باڵوێز لە وڵاتانی ناوچەکەدا بە تایبەتی لە عێراق، بە ئامانجی جێبەجێکردنی پیلانە گڵاوەکانی و دەستێوەردانەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری، دەوڵەتی عێراق.
هەروەها مێنۆچێن وتی: مەسجدی وەکوو باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە عێراق، دەسەڵاتە دیپلوماسییەکانی زیاتر، بۆ بازرگانی کردن و دەستێوەردان لە کاروباری نێو خۆیی عێراق بە قازانجی سپای قوودس بە کار دێنێ .
ئەمریکا هەروەها ٣ ڕێکخراوی ڕاگەیاندنی ئێرانی بە ناوەکانی” کۆمپانیای ڕاگەیاندی گوستەر، ڕێکخراوی نێونەتەوەیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی” ڕێژیمی ئێرانی بە هۆی هەوڵدان بۆ بانگەشەی ناڕاست، ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، خستە نێو لیستی گەمارۆکانیەوە.