شێرپەنجەی مەمک، یەکەمین هۆکاری گیانلەدەستدانی تووشبووانی شێرپەنجەیە لەنێو ژناندا بۆیە لە هەموو دنیادا مانگی ئۆکتۆبەر بۆ زانیاری بەخشین بە ژنان سەبارەت بەو نەخۆشییە دیاریکراوە و لەم مانگەدا هەوڵ دەدرێ ژنان ئاگادار بکەنەوە لەسەر خۆپارێزی و ناسینی پێشوەختەی ئەو نەخۆشییە لە خۆیاندا.
بەپێی ئاخیرین ئاماری فەرمی لەسەر نەخۆشیی شێرپەنجە لە ئێران کە نزیکەی پێنج ساڵ پێش ئێستا بڵاوکراوەتەوە، ١٠٨ هەزار و ٧٩٨ کەیسی شێرپەنجە لەو وڵاتەدا تۆمارکراون و لەسەتا ٣٢.٩ ی ئەو ژنانە بوون کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون.
لە ئێران لە ماوەی هەر ٣٦ خولەکێکدا یەک ژن تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێ و رۆژانە ١٠ کەس لە تووشبووان بەو نەخۆشییە گیان لەدەستدەدەن ئەمەش بە واتای تووشبوونی ساڵانەی ١٤ هەزار و گیانلەدەستدانی ساڵانەی زیاتر لە ٣هەزار و ٦٠٠ ژنە بەو نەخۆشییە.
بەپێی ئامارە خۆجێییەکانی بەشی تەندروستیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای سنە لەسەتا ٤٠، لە پارێزگای لوڕستان لەسەتا ٢٩، پارێزگای ئیلام لەسەتا ٥٥ و پارێزگای کرماشانیش لەسەتا ٢٢ی کەیسەکانی شێرپەنجە، شێرپەنجەی مەمکە لەنێو ژناندا.
پسپۆڕانی پزیشکی هۆکاری تووشبوونی ژنان بە شێرپەنجەی مەمک، لە گۆڕانکاری کەشوهەوا، دڵەڕاوکێ و گوشار و پێوەندیی ژنان لەگەڵ هۆرمۆنی سترۆژێندا دەزانن، کە ئەمەیان چەند هۆکاری جیاواز لە خۆ دەگرێ.
شێرپەنجەی مەمک لە ژناندا لە تەمەنی ٢٥ساڵەوە دەستپێدەکات و تاوەکو ژنانی نزیک ٦٠ ساڵیش دەگرێتەوە کە زۆرترین ڕێژەی لەنێو ژنانی تەمەن مامناوەندایە وگرنگترین خاڵی ئەم نەخۆشییە ئەوەیە کە ژنان پێشوەختە ئاگاداری گۆڕانکارییەکانیانی جەستە و دەروونی ببنەوە و چاودێریی خۆیان بکەن و رێگەی چارەسەری نەخۆشییەکە و نەشتەرگەریی تایبەت بگرنەبەر.
دەرمانی نەخۆشییەکە ماوەی ساڵێک درێژەی دەبێ و بەهۆی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان لە دەورانی چارەسەردا، گۆڕانکاریی زۆر لەسەر جەستەی تووشبووان درووست دەبێ.
پێشتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بە عەیبە زانینی ئەو نەخۆشییە، کەمتر هەوڵی چارەسەرکردنی بۆ دەدرا و ئەمەش مەترسیی گیانلەدەستدانی تووشبووانی چەند هێندە زیاد دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی هۆشیاریی زیاتری ژنان، تا ڕاددەیەک مەترسییەکانی نەخۆشییەکە کەم بووەتەوە.