دایە فاتمە چایچی دایکی دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی، حوسێن وعەبدوڵڵا مەحموودیان بە هۆی نەخۆشی کۆرۆنا لەشاری شنۆ ماڵاوایی لەژیان کرد
بەپێی هەواڵی گەێشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی دایە فاتمە چایچی دایکی دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لەنەخۆشخانەی شاری شنۆ دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
دایە فاتمە لەو ژنە شۆڕشگێر و بەتوانایانە بوو کە توانی منداڵەکانی بە هەستی نیشتمانپەروەرییەوە گۆش بکا و بەکردەوە لەمەیدانی خەبات بۆ ڕزگاری گەلەکەیان ڕۆڵیان هەبێت، وەسیەتی دایە فاتمە ئەوە بوو کە دوای مردنی بە ئاڵای کوردستانەوە بینێژن.
دایە فاتمە ئاواتی ئەوە بوو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئازادی ببینێت و لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستان وێڕای بنەماڵەکەی بەرهەمی خەبات و بەرخۆدانیان ببینن.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستە بنەماڵەی دایە فاتمە و بە تایبەت هاوڕێیانمان کاک حوسێن و کاک عەبدوڵڵا و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.