حاجی مامۆستا مەلا ڕەحمان ئەحمەدی پێشنوێژی مزگەوتی مەلا تەها لەشاری شنۆ و کەسایەتی ئایینی وسیاسی ناوچەی شنۆ وپیرانشار کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی خەزەڵوەری٩٩ی هەتاوی “حاجی مامۆستامەلا ڕەحمان ئەحمەدی” لەتەمەنی ٦١ساڵیدا لەشاری شنۆ بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە ماڵاویی لەژیان کرد.
مامۆستا مەلا ڕەحمان خەڵکی گوندی “بەردەقەل”ی سەر بەشاری پیرانشار بوو، هەر لەسەردەمی فەقێیەتی دا لەساڵەکانی ٥٨ بۆ٥٩ی هەتاوی پێوەندی بەحیزبی دێموکراتەوە دەگرێت و لەسەرپێشنیاری حیزب، لەوکاتدا لەدامەزراندنی یەکیەتیی مامۆستایانی ئایینیدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، ئەوپێوەندییە هەتا ساڵەکانی ٧٨ بۆ٧٩ی هەتاوی بەردوام بووە ولەکاری تەشکیلاتی ونهێنی لەگەڵ تەشکیلاتی نهێنی حیزب دانەبڕاوە و هەموو چالاکی و ئەرکەکانی حیزبی بە باشی و بێ کەموکوڕی بەڕێوە دەبرد.
حاجی مامۆستا کەسایەتییەکی سیاسی ونیشتمانپەروەر و گەل خۆشەویست و ئایینی بوو و جێگای ڕێز و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە بوو و لە تەبایی ویەکڕیزی خەڵکی ناوچەی شنۆ ونێوشار بەتایبەت گەڕەکی مزگەوتی مەلاتەها ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی مامۆستا مەلا ڕەحمان، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکاری دەکەین.