“حوسێن ئەبرووزەنی” ناسراو بە “حوسێن ئەبروون قارنا” برای کادری تێکۆشەرو ماندوو نەناسی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک حەسەنی ئەبرووزەنی بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەێشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ٢٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی لەسەرجادەی سەرەکی نێوان نەغەدە بۆ پیرانشار لەنزیک ئاوایی “هەوارە بی” کاک حوسێن ئەبرووزەنی برای کاک حەسەن ئەبرووزەنی، کادری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبێ ، کاک حوسێن بەسەختی بریندار دەبێ وڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێ بەڵام دوای شەش ڕۆژ بەڕبەرەکانێ لەگەڵ مەرگ بەداخەوە ڕۆژی پێنج شەممە ١ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شایانی باسە کاک حوسێن سەرەڕای ئەوەی برای بچووکتری کاک حەسەن بوو بەڵام بەردەوام شانازی بە پێشمەرگەبوونی براکەیەوە دەکرد و زیاتر هانی دەدا بۆ تێکۆشان و خەبات دژی داگیرکەران، ئەزیەت و ئازاری دوژمن نەیتوانی کاک حوسێن لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و بە تایبەت برا پێشمەرگەکەی سارد بکاتەوە و تا کۆتا چرکەکانی ژیانی ئاوات و ئامانجی ڕزگاری نیشتمانە داگیرکراوەکەی و نەتەوە بندەستەکەی بوو و لە هیچ هاوکاری و پاڵپشتییەکی هێزی پێشمەرگە دریغی نەدەکرد.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی بەڕێز و تێکۆشەری کاک حوسێن، بە تایبەت هاوڕێی تێکۆشەرمان کاک حەسەن ئەبرووزونی و بنەماڵە و خزم و کەسوکاری دەکەین و لە خەمیاندا شەریکین.