بووکی سڵاو
(نامەیەک بۆ مامۆستا ڕەشید فەیزی نەژاد)
مامۆستا گیان!
چەند گەڵای ئەرخەوانیی بەڵاڵووکەکانی «میراوا» و پەلکی گوڵاڵە زەرد و سوورەکانی دەڤەری «فەیزوڵڵابەگی» و چەپکێ گوڵە وەنەشەی بەر کانیاوەکەی «سڵێمانکەندی» و بەیبوونی چاوئەستێرەیی دێبەرە سەرسەوزەکەی «مۆکە» و خاشخاشکە گەش و تەرچک و ناسکەکانی «قۆڵەبڵاخی» و مێلاقە کوڵمە سوورەکانی «ئارەبوغڵوو» لە کانییە چاوقژاڵییەکەی «سەرچاوە» هەڵدەکێشم و بە لقێ گیاخاوی چیای «وەنەشە» دەیبەستم و دەینێمە باخەڵی سڵاوێکی سروەئاسا و داوای لێ دەکەم بەرەو دەڤەر و دیاری غەریبان و دڵە پڕکوڵەکانی تاراوگە بیهێنێ و لە شنەی هەناسە و ناڵەی کەمانەکەت و خەرمانی پڕ گوڵ و هەستی هەمیشە سەوزی تۆی ئازیزی بپڕژێنێ.
بەو سڵاوە چاوفرمێسکاوییەم دەڵێم چاوی بە پەلکە گوڵی دەنگت بسڕێ و زەدەخەنەیەکی شیرین بە لێویەوە بنەخشێنێ و ببێتە بووکێکی ڕەزا شیرین، ببێتە شیرین گیانی ساڵانی گەنجیت، ئاڵای کوردستان بکاتە بەرگی بووکێنی و دەستت بگرێ و بۆ «کەرکووک»ت بهێنێتەوە. لەوێش بە باڵی ئاگرینی «بابەگوڕگوڕ» بدەن لە شەقەی شاباڵ و بگەڕێنەوە بۆ باوەشە وەنەوشەییەکەی «وەنەوشە». ئەویش تێرتێر بە سینگی ئاشق و تامەزرۆی خۆیەوە بتانگوشێ و بە خشڵ و ئاڵتوونەکانی «زێویە» زێڕوەشانتان بکات و بتانخاتە سەر شاباڵی هەڵۆیەکی خۆی و لەگەڵ نەرمەسەمایەکی ئێوارانە بتانهێنێ و لە سەر چیمەنی سەوز و گەشاوە و شێداری مەیدانە چاوەڕوانەکەی «هەڵۆ» داتانبنێ. کیژان و کوڕانی سەقز لە شاییتاندا هەڵپەڕن و «برایانی زێزێ» ئەو داوەتە پڕ ئەوینە بگێڕن و دەنگی قاقا و گۆرانی و چەپڵە و مۆسیقا ژیان و ئاوات و جوانی وەبیر خەڵکی دڵمردوو بهێننەوە.
شار و خەڵک و شەقام و کۆڵان دیسان ئاشق ببنەوە و لاوان و کیژان شان و پەنجە لە یەکتر هەڵپێکنەوە و بە ئەشقەوە بەرەو ژوان بچنەوە.
مامۆستا گیان هیوادارم لە ژیانتدا هەمیشە هەروا سەربەرز و سەرکەوتوو بیت و خۆشەویستی خەڵک و وڵاتەکەمان بی. زۆر خۆشحاڵم کە دەتوانم لەگەڵ هونەرمەندێکی گەورە و خۆشەویستی وەک جەنابت پێوەندیم هەبێ چونکە من فرچک گرتووی هونەرە جوانەکەتم و هەمیشە لە دڵمدا ژیاوی.
بچووکت: ئەمین گەردیگلانی
وەڵامی مامۆستا ڕەشید فەیزی نەژاد
هۆنەری هۆنەر پێگەیێنی هۆنراوە جوان، هونەرمەندی هونەر پەروەر و هونەر پەرەپێدەری دەست و قەڵەم ڕەنگینی زێد و نیشتمانەکەم، شاعیری سەراپا شعووری تێکست و شێعری جوان، ئەدیبی خاوەن ئەدەب و حوجب و حەیا کە وتار و کردەوە و بیرکردنەوەت هەموو پڕ لە هەستی خۆشەویستی دایکی نیشتمان و گەل و سروشتی نیشتمانن.
هەزاران درود و ڕێز و خۆشەویسی بۆ جەنابت و بۆ هەموو ئاسارە پڕ بەهاکانت جەنابی مامۆستا ئەمین گەردیگلانیی ئازیز! ئای کە چەندە پێی شادمان بووم و چەندە شانازی ئەکەم بە خۆمەوە کەوا ئەمڕۆ لە گەورەترین مامۆستای بواری شێعر و شعوور و زانین و زانستەوە ئەم پەیامەم بۆ هات.
بەڕاستی کەیف خۆشم، بەڕاستی سەرخۆشم، بەهیوای بەردەوامی پەیوەندییەکان! هەر شاد و دڵخۆش بیت. قوربانت و برای بچووکت: ڕەشید فەیزی نەژاد، لە تەبعید و لە تاراوگەوە.