زیاتر لە ٦٠٠ نووسەر، شاعیر، ڕۆژنامە نووس، هونەرمەند و چالاکی سیاسی و مەدەنی بۆ پشتیوانیکردن لە بەیاننامەی” کانوونی نووسەرانی ئێرانی دوورخراوە” و “ئەنجومەنی قەڵەمی ئێران” داوای ئازادکرانی نووسەرانی زیندانی لە ئێراندا دەکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری “هێرانا” زیاتر لە ٦٠٠ نووسەر، شاعیر، ڕۆژنامە نووس، هونەرمەند و چالاکی سیاسی و مەدەنی بۆ پشتیوانی کردن لە بەیاننامەی” کانوونی نووسەرانی ئێرانی دوورخراوە” و “ئەنجومەنی قەڵەمی ئێران” داوای ئازادکرانی نووسەرانی زیندانی وەکوو ڕەزا خەندان، بەکتاش ئابتین و کەیوان باژەن ٣ ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەنجومەنی نووسەرانی ئێران دەکەن.
لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بە دەسبەسەرکرانی نایاسایی ٣ ئەندامی” کانونی نووسەرانی ئێران، ڕەزا خەندان، بەکتاش ئابتین و کەیوان باژەن، کە بە تۆمەتی ناڕەوای”پڕوپاگەندە دژی ڕێژیمی ئێران” و “هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لە لایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تاوانبار ناسراون و لە بەندیخانەدان و داواکارن لە دەزگای قەزایی ڕیژیمی ئێران کە ئەم ٣ نووسەرە کە بێ تاوان دەسبەسەر کراون لە بەندیخانە ئازاد بکرێن.
لە بەشیکی دیکەی بەیاننامەکەدا کە واژۆی کانوونی نووسەرانی دورخراوەی ئێران و ئەنجومەنی قەڵەمی ئێرانی لە سەرە ئاماژە بەوە کراوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ماوەی ٤٠ ساڵی دەسەڵاتداری خۆیدا بەردەوام مافەکانی مرۆڤی پێشێل کردووە و بە سەدان نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامە نووسی تەنیا بەهۆی دەربڕینی بیروڕای ئازادی خۆیان ئەشکەنجە و زیندانی کردووە و ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە رێگای سەرکوت و هەڕەشە و زیندان و کوشتنەوە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی نەیارانی خۆی دەبێتەوە هەموو دەنگێکی جیاواز و ناڕازی سەرکوت دەکا.