ئەمرۆ لەسەرماوەزێکی جیاوازدا یادەوەری رۆژێکی گەورە و جیاواز دەکەینەوە کە تێیدا دەستەواژەیەک لەدایک بوو کە ئەمرۆ بۆ کورد لەهەموو جیهان بووەتە سیمبولی ئازایەتی و دادپەروەری. ئەمرۆ ٢٦-ی سەرماوەزە، رۆژێکی مێژوویی کە ئەگەر پێشووتر تەنیا سیمبولی کوردەکان بوو ئەوا ئێستا لۆگۆی بەرەنگاربوونەوەی هێزە رەش و چەپەڵەکانی جیهانە.
پێشمەرگە وەکوو هەموو سیمبولە نەتەوەییەکانی دیکە لە ئامێزی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەدەستی حیزبی دێموکرات لەدایکبوو، لەکوردستانی گەورە باڵای کرد و لەجیهانیشدا شانازی پێ دەکرێت. رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە هەمووتان پیرۆز بێت.
لاوانی سەربەرزی رۆژهەڵاتی کوردستان!
لە٢٦-ی سەرماوەزی ١٣٢٤-ی هەتاوی قووتابیانی پێشەوامان لە شاری مەهاباد دەستیان بەسەر شارەوانی ئەو شارەدا گرت و بۆ یەکەمجار پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات، داگیرکەریان لەبنکەیەک وەدەرنا و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان لەسەر هەڵكرد. لەو کاتەوە پێشمەرگە و ئاڵا بوونە دوانەیەکی لەیەک دانەبڕاو، هەربۆیەش حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو حزبێکی میللی دێموکراتیکی کوردستان بڕیاریدا رۆژی ٢٦-ی سەرماوەز وەکوو رۆژی پێشمەرگە بناسێنێت، لەبەر ئەوەی هەر پێشمەرگە پارێزەرە راستەقینەکەی ئاڵای کوردستان و نیشتمانی کوردان بێت. پیرۆزی ئاڵای کوردستان لای پێشەوای کۆماری کوردستان گەیشتە لوتکەی پیرۆزی خۆی و لەسوێندەکەیدا پێشەوا سوێندی بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان خوارد کە هەموو هەوڵی خۆی بۆ بەرزراگرتنی ئەو ئاڵایە بدات و بەگیانی خۆی سوێندەکەی بردە سەر، هەربۆیەش لای حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو میراتگری پێشەوا و کۆمار، ئاڵا ئەو پیرۆزییەی هەرماوە بۆیە نەوەکانی پێشەوا خاوەندارییەتی لە فەلسەفەی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات و کۆمار دەکەن، جا بۆیە جێی خۆیەتی هەموو کوردستان بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی جارێکیتر لەفەلسەفەی ئاڵا و پێشمەرگە وردبینەوە و بیکەینە هەوێنی یەکگرتووی و یەکێتی نەتەوەیی، چونکە لای هەموومان ئاشکرایە کە هەر چوارپارچەی کوردستان بە قۆناغی رزگاری نەتەوەییدا تێدەپەرێت و دەبێ بەها پیرۆزەکانی وەکوو ئاڵا و، پێشمەرگە وەک پارێزەری ئەو ئاڵایە، سەرەتاییەکی بەهێزی یەکدەنگی کوردان بێت.
بەڕێزان!
ئەمڕۆ ناوچە و جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەت بەدۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت، دۆخێک کە ئەگەر پێشمەرگە پارێزەری نەبێت، رەنگە دەرفەتی گۆڕانکاری لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەقەیرانێکی گەورە بەسەر کورددا بەگشتی بشکێتەوە. هەربۆیە ئێمەی لاوانی رۆژهەڵات پێمانوایە مادامیکە هەموو هێزەکانی ناوچە بڕیاریانداوە پرسەکانیان بەهێزی چەکدار چارەسەر بکەن، ئەوا بێگومان وەکوو هەمیشە بۆ بەرگریکردنیش بێت، پێشمەرگە هەر مەیدانداری هاوکێشەکانی ناوچە و کوردستان دەبێت. بۆیە لاوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشمەرگە ئاسا دەبێ بۆ هەموو ئەگەرێکی خوازراو و نەخوازراو لەسەر پێ بن.
لهماوهی 9 ساڵی رابردوو و ئهمساڵ وهک لوتکهی حزووری چهکدارانهی پێشمهرگهکانی حیزبی دێموکرات له رۆژهەڵاتی کوردستان، لاوانی دێموکرات پشکی شێریان بهرکهوتووه و پێشمهرگهی به ئهمهگی رێبازی حیزبی دێموکرات بوون و بهڵێنی نهسرهوتن تا سهرکهوتنیان لهگهڵ خهڵک و خاکی کوردستان دووپات کردهوه و هاوکات خهڵکی کوردستانیش به پێشوازی گهرمییان له پێشمهرگهکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، سهلماندیان که چارهنووسی بزووتنهوهی رزگایخوازی کورد له رۆژههڵاتی کوردستان به دهست حیزبی دێموکرات دیاری دهکرێت.
لاوانی ورەبەرزی رۆژهەڵات!
یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو قووتابیانی پێشەوای هەمیشە پێشمەرگە و درێژەپێدەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەشێک لەپارێزەرانی رۆژهەڵات بوون و دەبن. بەشێک لە ژووری هوشیارکردنەوەی لاوانی کوردستان دەمێننەوە و لەدەرەوەی ئێحساس و واقیعبینی رووتەوە باڵێکیان چەکی پێشمەرگایەتی و باڵەکەی دیکەشیان قەڵەمی کوردایەتی دەبێت. هەربۆیەش هەوڵمانداوە پێشمەرگە ئاسا رێبواری ئەو لاوانە بین کە لە ٢٦-ی سەرماوەزدا راشکاو و ئاشکرا داگیرکەریان لەمەهاباد دەرکرد و زەمینەیان بۆ کۆماری کوردستان خۆش کرد.
لاوانی خۆشەویستی رۆژهەڵات!
ئێوەش لەناوخۆی کوردستان دەتوانن لەسەر بنەمای ئەو میراتە گرنگەی کە جیهان پێیوە دەنازێت، لەسەر پێ بن و پێشمەرگەئاسا لەدژی سیستەم و سیاسەتی کوردقڕانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوەستنەوە. ژینگەپارێزیتان، ئەدەبیاتی کوردی خۆشەویستیتان، زمان پارێزیتان لەناو ئەو سیستەمە زاڵمەدا پێشمەرگایەتییە. ئێوە کە ناتانهەوێ تەنانەت لەپێناو بژێوی ژیانیشدا پشت لەپێشمەرگە و حیزبی دێموکرات بکەن هەر پێشمەرگەن، ئێوە کە لەزانکۆکاندا نوێنەری بیری یەکیەتیی لاوانن، لە کۆلانەکاندا دەنگی لاوانی دێموکراتن هەر پێشمەرگەن. هەر بۆیە شانازی بەخۆتانەوە بکەن و بەردەوام بن. ئێوە کە بەبیروهزر دژی تووندرەوی مەزهەبین، لەناختاندا نەتەوەپەرەست و دێموکراتن هەر پێشمەرگەن.
ئێستا کە هەموو جیهان پیشمەرگە و ئاڵای کوردستان وەکوو داینەمۆی ئازادی و دێموکراسی و پارێزەری ئاشتی دەناسن، بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەناخی ئەواندا ئەو سیمبۆلە نەتەوەییانە لەدایک بوون، سەربەرزییەکی گەورەیە. هەر بۆیەش بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو نۆستالۆژیایەش بێت، نابێ هیچ ماڵێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ ئاڵا بێت، چونکە ئێوە خاوەنی راستەقینەی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانن و دایکان و باوکان و خوێندکاران و لاوانی رۆژهەڵات بەرپرسیارییەتی ئەوەتان دەکەوێتە سەرشان کە بە هەبوونی ئاڵایەکی کوردستان لە ماڵەکانتاندا بەردەوام بۆ منداڵەکان و خوشک و برا بچووکەکانتان باس بکەن کە مێژوو و ئێستایان چەندە تەژییە لە حەماسە و سیمبۆلی نەتەوەیی و هەستی نیشتمانی کە ئێستا بەهۆی بارودۆخی ناوچەیی پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەوە شانازیان پێوە دەکەن و بەو ئاڵا و پێشمەرگەیە لەگەڵ جیهان قسە دەکەن.
ئەرکی چالاکانی سیاسیی و مەدەنی، لاوان و خوێندکاران، ماموستایان و کارمەندان و کرێکاران و جوتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە سەروەرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناخیاندا بچەقێنن و بەو باوەڕە بژین کە ئەو ئاڵایەی کە دوور لە چاوی دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی رێژیم لە ماڵەکانیاندا دانراوە، رۆژێک هەر دێت کە بە بازوو و هیمەتی پێشمەرگە وەک پارێزەرانی کوردستان، هەر دێتە دەرێ و لەسەر دەرگای ماڵەکان و بنکە و بارەگا حکومەتییەکاندا هەڵدەدرێت.
جارێکیتر پیرۆزبایی ٢٦-ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان و رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەرجەم پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لاوانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەم و هیوادارم وەکوو هەمیشە لاوان داینەمۆی هەستی نەتەوەیی و هەوێنی ئارامی و ئاسۆی گەیشتنی کوردان بەئاواتە دێرینەکەیان واتا سەربەخۆیی کوردستان بن. پیرۆزبایی دەڵێین بە پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو پارێزەرانەی کە ئێستا لە ناو جەرگەی دوژمندا ئەرکی نەتەوەیی و حیزبی بەڕێوە دەبن.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
هەیئەتی ئیجرایی
٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٤