بەپێی ئاسایشی نەتەوەیی لە نووسینگەی لێکۆڵینەوە فیدڕاڵییەکانی ئەمریکا “ئێف بی ئای”، ئێران و ڕووسیە زانیاریی تۆماری دەنگدەرانی ئەمریکایان دەستکەوتووە و هەوڵدەدەن گومان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٩٩ی هەتاوی “٢٠٢٠”ی ئەمریکا بۆ خەڵکی وڵاتەکە دروستبکەن.
جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری ئاسایشی نەتەوەیی لە “ئێف بی ئای” لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێران و ڕووسیە چەند هەنگاوێکیان گرتووەتەبەر بۆئەوەی کاریگەری بخەنە سەر ڕای گشتی لەبارەی هەڵبژاردنەکانمانەوە، ئێمە پشتڕاستمان کردووەتەوە کە زانیاریی هەندێک تۆماری دەنگدەران بەجیا دەستی ئێران و ڕووسیە کەوتووە.
بەپێی وتەکانی جۆن ڕاتکیلف، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران و ڕووسیە ئەو زانیاریانە بەکاربێنن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست بەسەر دەنگدەرانی ئەمریکادا بۆئەوەی پشێوی و سەرلێشێوان دروستبکەن و کارێکی وا بکەن کە هاووڵاتییانی ئەمریکایی بڕوایان بە دیموکراسیەتی وڵاتەکەیان نەمێنێت.
هەروەها ئەو بەرپرسەی “ئێف بی ئای” ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران هەستاوە بە ناردنی ئیمەیل بۆ تۆقاندنی دەنگدەران، هاندانی ئاژاوەگێڕی و زیانگەیاندن بە سەرۆک “دۆناڵد ترەمپ” کە ئێستا لە بەربەرەکانێیەکی قورسدایە لەگەڵ “جۆبایدن”ی بەربژێری دێموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
هەروەها ڕاتکلیف باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی هەندێک ڤیدیۆ، بۆئەوەی وا نیشانیبدات کە دەنگدەران دەتوانن لەڕێگەی کارتی دروستکراوەوە تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش دەنگبدەن، گوتیشی ئەو ڤیدیۆیە و هەموو ئەو بانگەشانەی کە لەبارەی ئەو جۆرە ساختەکارییەوە دەکرێن، ناکرێت ڕاست بن.
جۆن ڕاتکلیف هەر لەوبارەیەوە دەڵێت ئەمانە ئەو هەوڵە بێ هیوایانەی دوژمنە ئەگەرچی نەمانبینیوە ڕووسیە هەمان شت ئەنجامبدات، ئێمە ئاگادارین کە ئەوانیش هەندێک زانیاریی دەنگدەرانیان دەستکەوتووە، هەروەک ئەو کارەی لە ساڵی ٩٥ی هەتاوی کردیان.
پێش ئەوەی “ئێف بی ئای” زانیاری لەبارەی ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە بڵاوبکاتەوە، ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکایی بڵاویانکردبۆەوە کە بەرپرسانی ئەمریکا ئاگادارییان بە لایەنە پەیوەندیدارە خۆجێیی و فیدراڵییەکان داوە کە ڕێژیمی ئێران دەستی بە هەڵمەتێک کردووە بۆ ناردنی ئیمەیلی هەڕەشەئامێز بۆ دەنگدەرە دێموکراتەکان، لەکاتێکدا خۆیان وەکوو گرووپی ڕاستڕەو ناساندووە.
بەرپرسێکی ئاسایشی نیشتمانی بەو لایەنە پەیوەندیدارەیان ڕاگەیاندبوو، ماڵپەڕەکانی تایبەت بە زانیاریی دەنگدەران لەسەر ئینتەرنێت کێشەیان هەبووە و مەترسیی هاککردنیان لەسەربووە.
ئەو ئیمەیلانەی کە باس دەکرێن لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نێردرابن، دێموکراتەکانیان بەئامانج گرتووە و بۆ ئەو مەبەستەش سوود لە تۆماری دەنگدەران وەرگیراوە.
بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا، ئەو ئیمەیلانە بۆ ئەو دێموکراتانە نێردراون کە لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان نیشتەجێن و تێیاندا نووسراوە رۆژی دەنگدان، دەنگ بە ترامپ بدەن ئەگینا تووشی کێشەتان دەکەین.
شایانی باسە کە کریستۆفێر ڕەی، بەڕێوەبەری گشتیی “ئێف بی ئای”، لە هەمان کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا گوتی ئێمە بێدەنگ نابین لە هەمبەر دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە هەڵبژاردنەکانمان یان هەر چالاکییەکی دیکەی تاوانکارانە کە هەڕەشە لە پیرۆزیی دەنگەکانمان بکات یان بڕوای خەڵکەکەمان بە ئەنجامی هەڵبژاردن بخاتە گومانەوە، ڕەی ڕاشیگەیاند دەبێ خەڵکی ئەمریکا دڵنیا بن کە دەنگەکانتان هەژمار دەکرێن.