ئەمریکا، لە هەمبەر پێدانی زانیاری و یارمەتی بۆ دەسبەسەرکردنی فەرماندەکانی حیزبوڵای لوبنان ٥میلیۆن دۆلار خەڵاتی دیاریکردوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند کە هەرکەس زانیاری لە سەر فەرماندەی میلیشیا چەکدارەکانی حیزبوڵا ی لوبنان لە یەمەن و سووریە هەبێ و بیدا بە ئەمریکا، لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ٥ میلیۆن دوڵار خەڵات دەکرێ.
هەروەها ئەم خەڵاتەش بە ئەو کەسە دەدرێ کە زانیاری لە سەر ڕاوێژکاری نزیکی حەسەن نەسروڵا، ڕێبەری حیزبوڵای لوبنان هەبێ.
لەم پێوەندییەدا بە رپرسی پڕۆژەی”شەڕ بۆ گەیشتن بە دادپەروەری” سەر بە وزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە، خەڵاتێکی ٥ میلیۆن دۆلاری دەدات بەو کەسەیکە زانیاری لەسەر” هەیسەم عەلی تەباتەبایی” یەکێک لە فەرماندە تێرۆریستەکانی حیزبوڵای لوبنان بدا بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ببێتە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو.
هەروەها لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وە ٥میلیۆن دۆلار خەڵات بە ئەو کەسەی دیاریکراوە کە زانیاری لە سەر”خەلیل یووسف حەرب” ڕاوێژکاری نزیکی حەسەن نەسروڵا ڕێبەری حیزبوڵای لوبنان هەبێ و ببێتە هۆکاری دەسبەسەر کرانی ناوبراو.
بەرپرسی پڕۆژەی”شەڕ بۆ گەیشتن بە دادپەروەری”سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: هەیسەم عەلی تەباتەبایی، فەرماندەی سەربازی و تێرۆریستە لە حیزبوڵا و میلیشیا تێرۆریستەکانی حیزبوڵای سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە سووریە و یەمەن فەرماندەهی دەکا.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتووەکە هەر کەس زانیاری لە سەر ناوبراوان، یان پیلانەکانی داهاتوویان هەیە، دەبێتە خاوەنی خەڵاتی ٥میلیۆن دۆلاری ئەمریکایی.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو کەس یان گرووپە تێرۆریستییانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییانی ئەمریکایی، ئاسایشی نەتەوەیی، سیاسەتی دەرەوە و ئابووری ئەمریکا، دەخرێنە لیستی ڕەشی تێرۆریستە نێونەتەوەییەکانەوە و لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان دەخرێتە سەر.
شایانی باسە کە دەوڵەتی ئەمریکا لە مانگی ڕابردوودا، گەمارۆگەلێکی تازەی خستە سەر ڕێژیمی ئێران و لوبنان و زۆربەی بەرپرسان و فەرماندەرانی سپای پاسداران و میلیشیا چەکدارەکانی حیزبوڵای لوبنانی خستۆتە نێو لیستی گەمارۆکانیەوە.