لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شەش بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ هەوڵی خۆکوشتنیان داوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، بەندکراوێکی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ورمێ بە ناوی ”کەریم خاجەپوور“ دوای ئەوەی هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، لە نەخۆشخانەی ”خومەینی“ ئەو شارە گیانی لە دەست داوە.
کەریم خاجەپوور ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەر لەگەڵ چەند بەندکراوێکی دیکەی ڕاگیراو لە بەندی ١ و ٢ دوای تێکهەڵچوونێک بۆ بەندی تایبەت گوازرابوونەوە و هەمان ڕۆژ لەڕێگای خواردنی وردە شووشە و لەخۆدان بە کەرەستەی تیژ هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازرابوویەوە، بەڵام دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی خومەینی گیانی لەدەستدا.
چوار کەسی دیکە لە هاوبەندیەکانی کەریم خاجەپوور بە ناوەکانی ”حوجەت دڵارام“، ”بابەک سۆفی“، ”تەوحید غەزنەوی“ و ”میلاد، دوای ئەوەی ناوبراو هەوڵی خۆکوشتنی دابوو لەگەڵ باقی بەندکراوەکان تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون بوون و دواتر بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازرابوونەوە.
ئەو چوار بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕەزبەر هاوکات و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت گواستنەوەیان بۆ ژووری تاکەکەسی، بە کەرەستەی تیژ هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایاگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی ئەو بەندکراوانە تووشی خوێنبەربوون بوون ، هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕژاونەتە ناو بەندەکانیان و بە باتۆم لێیانیان داون و هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لە هەر جۆرە خزمەتگوزاراییەکی پزیشکی بێبەش بوون.
شایانی باسە کە ڕۆژێک پێشتریش “عادڵ موکەڕەم” بەندکراوی سیاسی کورد هەر لەو بەندیخانەیە هەوڵی خۆکوژی دابوو.