پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە شاری سەردەشت بە ناوی ” قادر ئیبراهیمی” ناسراو بە ” قالە چاوشین” لە شاری سەردەشت بە هۆی نەخۆشی کۆچی دواییکرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی ” قادر ئیبراهیمی” ناسراو بە ” قالە چاوشین” لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا لە شاری سەردەشت بە هۆی نەخۆشی کۆچی دواییکرد.
مامە قالە ئیبراهیمی ساڵی ٦١ی هەتاوی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی کردەشان و تا ساڵی ١٣٦١ درێژەی بە خەبات و چالاکی پیشمەرگانە دا و وەکوو پێشمەرگەیەکی بوێر و ئازا زۆر بە وریاییەوە ئەرکەکانی خۆی بەجێ دەگەیاند و لە هەموو چالاکییەکانیدا کەسێکی سەرکەوتوو و قارەمان بوو.
مامە قالە ساڵی ٦٦ی هەتاوی لەسەر بڕیاری حیزب دەگەڕێتەوە نێوخۆی وڵات و هەتا دوا هەناسەی ژیانی کەسێکی دڵسۆز و بە ئەمەگ و نیشتماندۆست مایەوە و لە هیچ چالاکییەک بۆ حیزب و نەتەوەکەی دریغی نەدەکرد.
شایانی باسە کە ساڵی ١٣٧٣ کوڕیکی مامە قالە بە ناوی ” عەلی ئیبراهیمی” بەدەستی بەکرێگیراوانی ڕێژیم شەهید دەبێ.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە ی بەڕێز و خزم و کەسوکاری مامە قالە دەکەین و شەریکی خەمیانین.