کاک “فەتاح بایزیدی ترشەکانی” ناسراو بە” فەتاح بابۆڵی” پێشمەرگەی دێرینی حیزب دیمۆکراتی کوردستان بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە ماڵاوایی لەژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەێشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی رەزبەری ٩٩ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بە ناوی “فەتاح بایزیدی ترشەکانی” ناسراو بە” فەتاح بابۆڵی” لە “گوندی” ئاڵیاوێ”ی سەر بە شاری شنۆ بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک فەتاح بابۆڵی ساڵی١٣٥٨ هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و چەکی شەرەف و بەرگری لە گەل و نیشتمانەکەی کردە شان و تا ساڵی ٦٥ی هەتاوی وەکوو پێشمەرگەیەکی قارەمان و دڵسۆز هەموو ئەرکی پێشمەرگایەتی خۆی بە باشی تێدەپەڕاند و پاشان ساڵی ٦٥ لەسەر بڕیاری حیزب دەگەڕیتەوە نێوخۆی وڵات و تا دوا هەناسەکانی ژیانی وەفادار و ئەمەگناس بە ڕیگا و ڕێبازەکەی دەمێنێتەوە و لە هیچ ئەرک و چالاکییەک کە پێیان دەسپارد دریغی نەدەکرد.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕیزی کاک فەتاح و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.