بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، دایە خەدیجە کاروانچی خەڵکی شاری ڕەبەت، خوشکی شەهید خدر کاروانچی و دایکی هاوڕێ کارۆ عەبدوڵازادە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئیس، بە ھۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە خەدیجە ژنێکی نیشتماندۆست و دڵسۆزی حیزب و گەل بوو،بنەماڵەی سەربەرزی دایە خەدیجە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی خەباتی ئاشکرای حیزبی دیموکراتەوە پشتوپەنای شۆڕش و حیزبی دێموکرات بوون، هەر بۆیە هەموو کات لە ژێر چاوەدێری و ئەزیەت و ئازاری هێزە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی دا بوون.
برایەکی دایە خەدیجە بە ناوی خدر کاروانچی، بە تاوانی هەڵویستی شۆڕشگێڕانە و ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان دا لە لایەن ئیتلاعاتی ڕەبەتەوە دەستبەسەر کرا و پاش ماوەیەک ئەشكنجە و ئازار لە بەندیخانەی شاری ورمێ لە سێدارە درا و چووە ڕێزی شەهیدانی کوردستانەوە.
جێگای ئاماژەیە کە کوڕێکی خاتوو خەدیجە بە ناوی کاک” کارۆ” ئەندامی چالاکی حیزبی دیموکراتە لە وڵاتی سویس.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو دایکە ئازیزەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











