وەزیری تەندروستی دەڵێ: لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٧٧ کەس بە هۆی ئەم پەتایەوە گیانی لە دەستداوە، بەڵام ئەگەر بارودۆخەکە بەردەوام بێت ئەو ئاماری گیان لە دەستدان بەم زوانە دەگاتە ڕۆژێک ٦٠٠کەس.
سەعید نمەکی وەزیری تەندروستی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، لە دانیشتنی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بە ئاماژە بە هەڵکشانی ئاماری گیانلەدەستداوانی ئەم پەتایە لە ئێراند وتی: نیگەرانم لە وەیکە گێژاوی کۆرۆنا بمانخاتە چاڵی ڕەشەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری تەسنیم، نمەکی وتی: کۆرۆنا سامناکترین ڤایرۆسە کە تا ئێستا بینیومە، یەکێک لە نیگەرانییەکانی من ئەوەیە کە بە گشتی بکەوینە نێو چاڵە ڕەشی کۆرۆناوە و هاتنەدەرەوە لەم چاڵە ڕەشە زۆر ئەستەم دەبێ، هەر شەو ڕاپۆرتەکان لە سەر گیانلەدەستدانەکان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە دەخوێنمەوە، زۆر نیگەران دەبم بەم بارودۆخە.
ناوبراو دەڵێ: ئەم ڤایرۆسە لە گەڵ هەموو ڤایرۆسەکانی دیکە کە تا ئێستا چارەسەری بۆ دۆزراوەتە زۆر جیاوازتر و مەترسیدارترە.
نەمەکی دەڵێ: داو لە هەموو هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین، کە هەموو ڕێنوێنییە تەندروستییەکان ڕەچاو بکەن، لە نەخۆشخانەکان تەختمان کەمە و هەموو نەخۆشخانەکان پڕ بوون لە تووشبووی پەتای کۆرۆنا و بەردەوام کادری دەرمانی و پەرستاری لە نەخۆشخانەکان تووشی پەتای کۆرۆنا دەبن و بەم هۆیەوە گیانیان لە دەستدەدەن.
هەروەها ناوبراو ئاماژە بەوە دەکا کە ئەگەر ئەم پەتا مەترسیدارە هیچ چارە سەرێکی بۆ نەدۆزرێتەوە تەنانەت دەتوانین شاهیدی ئەوە بین کە لە سەر شەقامەکان خەڵکی بە هۆی ئەم پەتایەوە گیانیان لە دەستدەدەن و هیچ کارێکیش لە دەستی وەزارەتی تەندروستی بەر نایەت.
وەزیری تەندروستی دەڵێ: لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٧٧ کەس بە هۆی ئەم پەتایەوە گیانی لە دەستداوە، بەڵام ئەگەر بارودۆخەکە بەردەوام بێت ئەو ئاماری گیان لە دەستدان بەم زوانە دەگاتە ڕۆژێک ٦٠٠کەس.