بنکە و بارەگاکانی سپای قودسی ڕێژیم و حیزبوڵای لوبنان جارێکی دیکە کەوتنەبنەر هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە شەوی سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر بنکەی سەربازی میلیشیا چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای “ئەلقەنیترە” لە باشووری سووریەی پشتڕاست کردەوە.
بە وتەی چاوەدیری مافی مرۆڤ لە سووریە، شەوی سێشەممە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە گوندی”ئەلحۆڕییە” لە نزیک پارێزگای “قۆنەیتەرە” بیستراوە کە لە ئاکامی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لەم ناوچەیەدا هاتە ئاراوە.
چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە ڕایگەیاند کە تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ئامارێک لە زەرەر وزیانەکان و کوژراوان لە بەردەستدا نییە.
جێگای ئاماژەیە کە مانگی رابردوو فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ٣ بنکەی سەربازی دیکەی سپای قودسی ڕێژیم و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەم ناوچەیەدا و بەتەواوەتی تێکیان شکاندووە.
شایانی باسە کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام هێرشی کردۆتە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە و زۆربەی بنکەکانیان کە زیاتر ئەندامانی سپای قودسی ڕێژیم و حیزبوڵای لوبنانی لێ جێگیر بوون کراوەتە ئامانج.
هەرچەندە ئێسرائیل بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئەم هێرشانە وە ئەستۆ ناگرێ، بە ڵام بەردەوام ڕاستەخۆ یا ناڕاستەخۆ بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل هەڕەشەیان لە ڕێژیمی ئێران کردوە و بنکە سەربازییەکانیان لە سووریە کردۆتە ئامانج و کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانی ڕێژیمیش بەردەوام سەرەڕای هەڕەشەکانیان لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.