ژنە چالاکێکی کورد کە خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تارانە، لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، هێزەئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری تاران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چالاکێکی کورد بە ناوی ”سومەیە کارگەر“ خەڵکی ئیلام و دەرچووی بەشی فەلسەفەی زانکۆی تەبرێز و دەستبەسەریان کردووە.
دادسەرای ئێڤین بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردەی ئاگادار کردووەتەوە کە ناوبراو بە تۆمەتی تاوانی پەیوەندیدار بە ئینترنێت دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هیزە ئیتلاعاتییەکان لەکاتی دەستبەسەر کردنی سومەیە کارگەر ماڵەکەشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایل و کامپیوتێری ناوبراودا گرتووە.
شایانی باسە ئەو چالاکە کوردە بە دەست نەخۆشییەکی دەگمەنی چاو دەناڵێنێت و لەو کاتەوە دەستبەسەر کراوە لە دەرمانەکانی بێبەش کراوە و شوێنی ڕاگیرانی دوای دەستبەسەر کران نادیارە،هەر ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی درووست کردووە.