بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئورووپایی لیکۆڵینەوە و ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ تێروریزم و سیخوڕی، دەزگای زانیارییەکانی ئاڵمان چاوەدێری بە سەر هەموو مزگەوتەکان و ناوەندەکانی شیعەی لە ئاڵمان دەسپێکردوە و لە سەر ئەو باوەڕەیە کە چالاکییەکانی ئەو گرووپانە هۆکاری دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئاڵماندایە.
بە پێی راپۆرتی ئەم ناوەندە ڕێژیمی ئێران سیخورگەلێکی لە ڕێگای ئەم ناوەندانەوە لە ژێر ناوی ڕاکێشانی ئیدئۆلۆژی مەزهەبی بە پێدانی پارە بە کاریان دێنی کە ئەم کارەی ئێران لە دوا ڕۆژدا بە زەرەری برلین تەواو دەبێ.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ناوەندی ئیسلامی هامبۆرگ وەکوو گرینگترین ناوەندی رێژیمی ئێران لە ئاڵماندا، شەبەکەیەکی زانیاری و سیخوڕی گەورەی لە نێو مزگەوتەکان و ئەنجومەنی شیعەکاندا وەڕێخستووە.
ڕێژیمی ئێران بە دامەزراندنی ئەنجومەنی ئیسلامی، یەکێک لە گرینگترین تەشکیلاتی تۆمەتبار بە بڵاوکردنەوەی ئیدئۆلۆژی ئیسلامی لە ئاڵماندایە کە ١١ سال پیش ئێستا دامەزراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئورووپایی لیكۆڵینەوە و ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ تێرۆریزم و سێخوڕی، ئەم ناوەندەی ڕێژیمی ئێران، بووجە و بەشی ماڵی حیزبوڵای لوبنانی وەئەستۆ گرتووە.
دەفتەری پاراستنی یاسای بنەڕەتی ئاڵمان، لە ڕاپۆرتێکدا کە مانگی ڕابردوو بڵاویکردەوە ،جەختی لە سەر ئەوە کردوەتەوە کە ناوەندی ئیسلامی هامبۆرگ لە ژێر دەسەڵات و سەیتەرەی ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێران و بە سەر پەرەستی “محەممەد هادی موفەتێح” چالاکییەکانی لە یەک ساڵی ڕابردوودا دەست پێکردوە.
هەروەها دەفتەری پاراستنی یاسای بنەڕەتی ئاڵمان دەڵێ: ناوەندی ئیسلامی هامبۆرگ، دامەزراوەی دەوڵەتی ئێران و خودی خامنەییە و چاوەدێری بە سەر بنەماڵە موسوڵمانەکانی دانێشتووی ئاڵمان دەکا و ئەم بنەماڵانەش لە نێو ئاڵماندا دەور و نەخشێکی خراپ دەگێڕن و هۆکاری ئاژاوە و ناسەقامگیرین لە ئاڵمان.
جێگای ئاماژەیە کە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا دەوڵەتی ئاڵمان دەستی بەسەر کۆگایەکی تەقەمەنی و نیتراتی ئامۆنیۆمی حیزبولای لوبناندا گرتبوو و ڕایگەیاند کە گرووپە تێرۆریستە چەکدارەکانی حیزبوڵای سەر بە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی کردەوەی تێرۆریستیدان لە ئەمریکا وڵاتانی ئورووپاییدا.