وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە چالاکییە مەترسیدارەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا، هۆکاری سەرەکیین بۆ ناسەقامگیری و دووبەرەکیی لە ناوچەکەدا و دەبێ کۆتایی بەم دەستێوەردانانەی رێژیمی ئێران بهێنین.
مۆرگان ئورتێگاس وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، لە بایەننامەیەکدا ویڕای مەحکووم کردنی کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی لە ناوچەی بێڵد لە پارێژگای سەلاحەدین، کە بەدەستی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کۆمەڵکوژی کرا بوون وتی: کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی لە سەلاحەدین، ڕۆژێک بە دوای ئاگر تێبەردانی بارەگای پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق لە بەغدا ڕوویداوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دەبێ بەغدا میلیشیا چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کونترۆڵ بکا و ئیزنیان پێنەدا کارو کردەوەی تێرۆریستی لە عێراقدا بەم شێوەیە دەڕەندانەیە بەڕێوەببەن.
هەروەها وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران عێراق بەرەو هەڵدێر و شەڕی عەشیرەی دەبەن.
ئورتێگاس، شەوی شەممە ٢٦ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی لە ڕاگەیاندراوێکدا، هێرشی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران “حەشدی شەعبی” بۆ سەر بارەگای پارتی دێموکراتی کوردستان لە بەغدای بە توندی مەحکووم کردبوو.
ناوبراو وتی: چالاکییە تێکدەرانەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کە لە کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق چوونەتە دەرێ، هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ و ئاژاوە و تێرۆرن و دێموکراسی لە عێراقدا بەرەو نەمان دەبەن.