بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێران زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە
سیماسادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕایگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەر لە ٢٤ کاتژمێردا ٣٣٧ کەس بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرونا گیانیان لە دەستداوە، و بەوەش ئاماری گیان لە دەستدان گەیشتە ٣٠ هەزار و ٧١٢ کەس
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی کۆرنا ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووشی ئەو پەتایە بوون گەیشتۆتە ٥٣٤ هەزار و ٦٣١ کەس و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤ هەزار و ٢٥١ تووشبوی دیکە بە کۆرۆنا تۆمار کراوە کە یەک هەزار و ٩٤٨ کەس بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستییان لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون
بەوتەی سیماسادات لاری، زۆربەی پارێزگاکانی ئێران، بەهۆی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە دۆخی سوور دان
شایانی باسە کە لە گەڵ دەستپێکی وەرزی پاییز و کرانەوەی قوتابخانەکان و گوێپێنەدانی کاربەدەستان ئاماری کۆرۆنا لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و ژمارەی گیان لە دەستدان و تووشبون بە کۆرۆنا زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە بۆ خۆیان باسی لێدەکەن چەند ڕۆژ لەوەی پێش “ئیرەج حەریرچی” جێگری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ئاماری گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا دوو هێندەی ئەو ئامارەیە کە بڵاو دەکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە و لە حاڵێکدا کە ڕۆژانە سەدان کەس لە ئێراندا بە هۆی کەمیی دەوا ودەرمان گیانیان لەدەستدەدەن سپای پاسداران بە دەیان بارهەڵگر دەوا ودەرمان و پێداویستیی پزیشکی بە قاچاخ دەنێرێ بۆعێراق کە لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیرا.