فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەروەی عەرەبستانی سعوودی، لەپێوەندی لەگەڵ سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار”ی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران گوتی: ئەو گوشارانە دەبێ زۆر بکرێت بۆ ئەوەی ئەو ڕێژیمە ناچار بکات لەسەر میزی وتووێژ دابنیشێ.
ناوبراو لە درێژەدا جەختی کردەوە کە چالاکییەکانی ناوکی و مووشەکی ڕێژیم هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و عەرەبستانی سعوودی دژبەو هەڕشانە ڕادەوەستێتەوە.
وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە کۆنفرانسێکی ویدیۆیی لەگەڵ “واشینگتۆنئەنیستیتۆ” بەشداری کردبوو گوتی: سیاسەتەکانی دۆناڵد ترامپ دژبە ڕێژیمی ئێران زیاتر لە دەولەتەکانی پێشووتری ئەمریکا سەرکەوتوو بووە و توانیویەتی پێداویستییەکانی ئێران بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم سنووردار بکات.
فەیسەڵ بن فەرحان: ڕێڕەوەکانی ئەوپەڕی گوشاری دژبە ڕێژیمی ئێران تا ئێستا کارتێکەری باشی هەبووە، هەرچەند کە هێشتا بە ئامانجی کۆتایی خۆی نەگەیشتووە.
ناوبراو جەختی کردەوە، ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا کەمتر لە رابردوو دەتوانی پشتیوانی لە میلیشیا تێرۆریستەکان لە عێراق، سوورییە و لوبنان، و یەمەن و بەحرەین بکات و ئەم گوشارە لەناوخۆی ئێرانیش هەستی پێکراوە.
وەزیری دەرەوەی عەرەبستان گوتی: لە هەر شوێنێکی جیهان کێشەیەک هەبێ بە دڵنیاییەوە دەستی ئێرانی تێدایە و بۆ نموونە قەیرانی یەمەن و درێژەی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا، بەهۆی پشتیوانی ڕێژیمی ئێرانە لە میلیشیا حووسییەکان.
هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە عەرەبستان ناتوانێ هەڕەشە و بەرنامەکانی ناوکی و مووشەکی و چالاکییە تێکدەرەکانی ڕێژی ئێران پشتگوێ بخات،دەبێ تەواوی هەوڵەکانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیشک بخاتە سەر ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بۆ ئەوەی وتووێژی ئاشتی سەر بگرێت.