کاک کەریم محەممەد مرادی خەڵکی چاخلووی سەقز و برای دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی کاک “کەریم محەممەد مرادی” خەڵکی گوندی چاخلووی سەر بە شاری سەقز و برای دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی ” شەهیدان سمایل و محەممەد مرادی” بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شایانی باسە کە دوو برای قارەمان و بوێری کاک کەریم بە ناوەکانی شەهید سمایل مرادی و شەهید محەممەد مرادی کە لە ڕیزی خەباتکارانی دێموکراتدا دەستیان دابووە چەکی شەرەف و بەرگری لە نیشتمان و نەتەوەکەیان، لە ساڵی ٦٠ی هەتاویدا هەردووکیان گیانی ئازیزیان لە ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستاندا بەخشی و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی حیزب و گەل بوون.
پێویستە بگوترێ کە کاک کەریم خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە و کەسێکی نیشتماندۆست و کوردپەروەر بوو و هەتا دوایین هەناسەکانی ژیانی بە ڕێبازی دوو برا شەهیدەکەی وەفادار مایەوە و ئاواتی ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەی بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ گیان لەدەستدانی کاک کەریم سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕیز و نیشتمانپەروەریان و خزم و کەسوکاریان دەکەین.