ئەندامی بنەماڵەیەکی شۆرشگێری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری یۆڤیکی وڵاتی نۆروێژ بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، کاک عەزیز سلێمان پوور، کوڕی هاوڕێی تێکۆشەر و پێشمەرگەی لە مێژینەی حیزب و گەلەکەمان کاک ئیبراهیم سلێمان پوور و پوورە ئامین، خەڵکی بێورانی سەردەشت، لە وڵاتی نۆرویژ بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک عەزیز کوڕی بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕی گوندی بێورانی ناوچەی سەردەشت بوو کە بە درێژایی دەیان ساڵ خەبات و شۆڕشی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە سەروماڵەوە هاتنە نێو خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمانەوە و لە پێناو ئازادی کورد و کوردستاندا نرخێکی گەورەیان داوە.
مامێکی کاک عەزیز بە ناوی کاک محەممەدئەمینی مەلا عەزیزی بێوران، یەکێک لە فەرماندە ئازا و بە جەرگەکانی حیزب بوو کە لە شەڕێکی قارەمانانە دا دژ بە دوژمنی داگیرکەر گیانی خۆی کردە قوربانی.
جێگای ئاماژەیە کە چەندین کەسی ئەو بنەماڵە تێکۆشەرە هەر ئێستا لە ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا خەبات ئەکەن.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک عەزیز و خزم و کەس و کاری ناوبراو دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.