کەسایەتییەکانی فەرانسە، لابردنی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و فرۆشتنی چەکوچۆڵ بەم ڕێژیمە، هۆکارێک بۆ تێکچوونی کاری دیپلۆماسی، ئاسایش، ئابووری و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەزانن.
بە تەواوو بوونی کاتی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، دەستەیەک لە وەزیران، نوێنەرانی مەجلیس و نووسەرانی فەرانسەوی، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش لە ڕۆژنامەی “لۆمۆند”ی فەرانسە، دوای هۆشدار لە هەمبەر لابردنی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، ڕایانگەیاند کە فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە ڕێژیمی ئێران هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژیکییە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە لابردنی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و دووبارە فرۆشتنەوەی چەکوچۆڵ بەم ڕێژیمە، ئاکام و ئەنجامی زۆر خراپی دەبێ لە سەر ئاسایش و سەقامگیری نێونەتەوەیی.
لە کۆبوونەوەی” لۆمۆند” کە بە بەشداری نوێنەرانی مەجلیس، وەزیرەکان، بەرپرسانی پێشووی فەرانسە، وەکوو” بێرنارد کازنۆف و دانیێل کۆهەن بێنێدیت” بەڕێوە چوو، هەموو بەشداربوان بە کۆدەنگی لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە درێژکردنەوەی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی پاراستنی ئاشتی نێونەتەوەییە.
هەروەها لەم بەیاننامەیەدا هاتوە کە ، لا بردنی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، دەبێتە هۆکاری سەرەکیی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆکاری تازەی گێرە شێوێنی و ناسەقامگیری ناوچەکە و بەتایبەتی دەستێوەردانی زیاتری ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێو خۆیی وڵاتانی عێراق، سووریە، یەمەن و لوبنان و پەرە پێدان بە کردەوەی تێرۆریستی لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە لە هەموو جیهاندا.