بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو، لە بەندیخانەی ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، عادڵ موکەڕەم، بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە پێش چاو دادوەری چاوەدێر و جێگری بەرپرسی بەندیخانەی ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ورمێ، عادڵ موکەڕەم لاقی ڕاستی بە ڕێژەیەکی زۆر سووتاوە.
ناوبرا لە بەر ئەوەیکە بەرپرسانی بەندیخانە بەڵێنەکانی خۆیان دوای مانگرتنی ناوبراو جێبەجێ نەکردووە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە عادڵ موکەڕەم بەبێ ئەوەی چارەسەریی پزیشکی بۆ بکرێت بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە.
شایانی باسە کە عادڵ موکەڕەم ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ١٠ مانگ ڕاگیرانی لە بەندیخانە بە بێ ئەوەی چارەنووسی یەکلایی بکرێتەوە، لێوەکانی دووریبوەوە و مانی لە خواردن گرتبوو کە دوای ٣ ڕۆژ و بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە لەسەر جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی، مانگرتنەکەی خۆی شکاندبوو.
جێگای ئاماژەیە کە عادڵ موکەڕەم تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ورمێ، کۆتایی مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردو لە سنووری شاری خۆی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆی لەژێر لێپرسینەوە بووە و دواتر بۆ بەندیخانەی شاری” خۆی” و دواجار بۆ بەندیخانەی” ورمێ” گوازراوەتەوە.
دانیشتنی دادگای عادڵ موکەڕەم مانگێک پێش ئێستا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر “شەیخلوو” بەڕێوەچوو و تۆمەتی ”ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕێژیم و چوونە دەرەوەی نایاسایی لە وڵات“ خراوەتە پاڵ ناوبراو