کۆڵبەرێک لە سنوورەکانی شاری چاڵدێران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز) ، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرزاییەکانی سنووری چالدێران تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک کوژراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی ”ئەمین شەمس“ خەڵکی گوندی مەلاحەسەن سەر بە شاری ماکۆ کوژراوە.
جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو خێزاندار و باوکی منداڵێک بووە و لەکاتی پێکران باری جگەرەی پێبووە.
شایانی باسە کە لە حاڵێکدا بۆ چەند باکس جگەرە لە سنوورەکانی کوردستیاندا گیانی کاسبکارێک دەستێنن و دەیدەنە بەر گوللـە کە ڕۆژانە بە میلیونان دۆلار دزی و گەندەڵیی بەرپرسانی ڕیژیم لە ئێران ئاشکرا دەبێ و ئەوەشی کە ئاشکرا نابێ زۆر زیاتر لەو ڕیژەیەیە کە میدیاکان باسی دەکەن و ئەوەش ئەو ڕاستییە دەخاتەڕوو کە داگیرکەران لە هەر هەلێک و بیانوویەک بۆ کوشتنی مرۆڤی کورد کەڵک وەردەگرن.