“محەممەد مەهدی توندگوویان” جێگری وەزیری وەرزش و لاوانی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە، ئاماری دابەزینی تەمەنی خۆکوشتن بۆ تەمەنی مێرمنداڵان ڕوو لە هەڵکشانە و هۆکارەکەشی بۆ دزی و گەندەڵی بەرپرسانی ڕێژیم و بارودۆخی خراپی ئابووریی وڵات و دۆخی بژێوی رۆژانەی خەڵک دەگەڕێتەوە.
جێگری وەزیری وەرزش و لاوانی ئێران ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەکان دیاردەی خۆکوشتن لە ئێران ڕوو لە هەڵکشانە و زۆرترین ڕێژەی خۆکوشتن لە تەمەنی نێوان ١٥ بۆ ٣٥ ساڵدا بووە کە ئەمساڵ دابەزینی تەمەنی خۆکوشتن بۆ ژێر ١٢ساڵیش تۆمارکراوە.
بە وتەی جێگری وەزیری وەرزشولاوان، ڕێگەدان بە چالاکیی مێرمنداڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆتە هۆی چاولێگەری و کاریگەریی ئەو چاولێگەرییە لەنێو چینی هەژاردا دەبێتە هۆی هیوابڕاویی مێرمنداڵ و خۆکوشتنیان.
توندگوویان باس لە نەبوونی چاوەدێریی لەسەر خێزانەکانی ئێران بۆ بابەتە گرینگە کۆمەڵایەتی و ڕەوشتییەکان دەکات و دەڵێت، خێزانەکان لە بواری تەندروستیی دەروونییەوە هەڵسەنگاندنییان بۆ ناکرێت، لە کاتێکدا دەبێت بۆ هەر خێزانێک دۆسییەیەکی تەندروستیی دەروونی پێکبهێنرێت تا لە کاتی کاریگەریی خراپی باری ئابووریدا بە یارمەتیی ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی کێشە دەروونییەکانی نێو خێزانەکان چارەسەر بکرێن.
جێی ئاماژەیە بەپێی توێژینەوەی تەندروستیی ئێران، سەدا٢٤ی خەڵکی ئەو وڵاتە کێشەی دەروونییان هەیە و بە خەمۆکترین خەڵکەکانی جیهان دەناسرێن.