مایک پۆمپێئۆ: هەر کەس یان وڵاتێک کە بیهەوێت چەکوچۆڵ بە ڕێژیمی ئێران بفرۆشێت گەمارۆی دەخرێتە سەر.
پۆمپێئۆ دەڵێ: ئەمریکا ئامادەیە هەمووهێزی خۆی بەکار بێنێت بۆ گەمارۆ خستنە سەر ئەو کەس و وڵاتانەی کە دەیانهەوێت بازرگانی چەکوچۆڵ لە گەڵ ڕێژیمی ئێران بکەن.
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، هەڕەشەی لەو کەس و وڵاتانەی کرد کە دەیانهەوێت چەکوچۆڵ بە ڕێژیمی ئێران بفرۆشن و وتی: هەر کەس، کۆمپانیا و دەوڵەتێک بێهەوێت بازرگانی چەکوچۆڵ لە گەڵ ڕێژیمی ئێران بکا و یان بیهەوێت ئاسانکاری لە گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ ئێران بکا، ئەوە واشینگتۆن بە هەموو توانایەوە گەمارۆی قورسی دەخاتە سەر.
هەڕەشەکانی پۆمپێئۆ بە دوای ڕاگەیاندراوەکەی ڕێژیمی ئێرانەوە کراوە کە ئێران دەڵێ، گەمارۆ چەکوچۆڵییەکان کۆتاییان پێهاتووە.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێراندا هاتووە کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە، هەموو گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی سەر ئێران بە شێوەی خۆمەش لابردراوە و ئێران دەتوانێ لە گەڵ هەر کەس یان وڵاتێک کە بیهەوێت بازرگانی چەکوچۆڵ بکا و هەروەها گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر هاوڵاتییان و بەرپرسانی سەربازی ئێران کە پێشتر لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەو بە سەریاندا سەپا بوو بە تەواوەتەی لاچووە.
هەرلەو پێوەندییەدا پۆمپێئۆ ڕایگەیاند کە هەموو ئەو وڵاتانەی کە داوای ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و پشتیوانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆریزم لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، دەبێ لە بازرگانیکردنی چەکوچۆڵ لە گەڵ ڕێژیمی ئێران خۆ ببوێرن.
بە پێی ڕێککەوتنی ناوکی “بەرجام” کە لە ساڵی ٩٤ی هەتاویەوە واژۆ کراوە، ٢٧ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی وەکوو ڕێکەوتی کۆتایی هاتنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران دیاری کراوە بە مەرجێک کە ڕێژیمی ئێران پابەند بێت بە ڕێککەوتنی بەرجام بەڵام ڕێژیمی ئێران تا ئێستا بە دەیان جار ئەم ڕێککەوتنەی پێشێل کردووە.
ئەمریکا ساڵی ٩٧ی هەتاوی، لەم ڕێککەوتنە هاتەدەرەوە و سەرۆک کۆماری ئەمریکا دۆناڵد ترامپ، بە بڕیاری کاراکردنەوەی میکانیزمی پەلاپیتکە(ماشە) هەموو گەمارۆ نێونەتەوەییەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران گەڕاندەوە.