چوار کچی خەڵکی ناوچەی هەورامان کە مانگی خەرمانان لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەرکرابوون دوای ٣١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کران.
بەپێێ هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کودستان( چاونیوز): رۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، چوار کچی خەڵکی ئاوایی میراوڵی ناوچەی باینگان بەناوەکانی “نێرگز محەممەدی، بەهار ئەحمەدی، نگین وەیسی و ئیلهام مرادی”، هەرکام بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی لە زیندانی کرماشان ئازاد کران.
جێگای ئاماژەیە کە ئەو چوار کچە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٩، بەبێ هیچ هۆکارێکی ڕوون و بەڵگەی دادوەری و یاسایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری کرماشان دەسبەسەر کرابوون.
شایانی باسە کە سەرەڕای تێپەڕینی ٣١ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ئەو چوار کچەدا هێشتا هۆکاری دەسبەسەرکردنیان ڕوون نییە.











