ئۆفیسێکی مافی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە شاری واشینگتۆنی ئەمریکایە ڕایگەیاند، کە بە نوێنەرایەتی بەشێک لە بنەماڵەکانی کوژراوانی فرۆکە ئۆکڕاینییەکە کە خاوەنی وڵاتنامەی ئەمریکان، لە دادگای فیدڕاڵی شاری واشنگتۆن، سکاڵای لە سەر خامنەیی و سپای پاسداران تۆمار کردووە.
فڕۆکەی “پی، ئێس ٧٥٢”ی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئۆکڕاین ئینتێرناشناڵ، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی چەند خولەکێک دوای هەڵفڕینی لە فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی تاران، لە لایەن سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج و بە گشتی ١٧٦ سەرنشین و لە نێویاندا ١٥ مێرمنداڵی تەمەن ١٢ساڵ و منداڵێکی ساوا گیانیان لەدەستدا.
ئۆفیسی تایبەت بە مافەیاساییەکان “هێریسچی” لە ڕاگەیەندراوی خۆیدا جەختی کردەوە کە بنەماڵەی بەشێک لە کوژراوانی ئەو کارەستا هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریکایین، سەبارەت بە کوژرانی بنەماڵەکانیان بە مووشەکی سپای پاسداران و لەبەر چاونەگرتنی ئاسایشی گیانی سەرنشینان لە دۆخی شەڕ و هەروەها ونکردنی شایەتحاڵانی ڕووداوەکە و لە ناوبردنی ڕاستییەکان لە شوێنی ڕووداوەکە، ئەم سکاڵایەیان تۆمار کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو ناوەندە، سکاڵا کە لە هەمبەر بەرچاوڕوونی بەزووترین کاتی نهێنییەکانی پشت ئەم ڕووداوە و پێش گرتن لە کەین و بەینی نێوان ئێران و کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئۆکڕاینی بۆ سەرپۆش کردن لەسەر ڕاستی و دانپێنەنانی مافی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکڕاینییەکەیە.
شایانی باسە هەر بە پێی ئەم راگەیەندراوەی هێرسچی، کە پارێزەری بەشێک لە بنەماڵەی قوربانییەکانی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکەیە ئەوەی خستە ڕوو کە، بنەمالەی قوربانییان نەک هەر متمانەیان بە پێداچوونەوی ڕاستی ئەم دۆسییەیە نیە لەلایەن بکەرەکانی ئەم کارەساتەوە، بەڵکوو هیچ متمانەیەکیشیان بە دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران نیە بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری.
جێگای ئاماژەیە ئەم سکاڵایە یەک لەو چەند هەوڵە نێونەتەوەیی و مافی مرۆڤانەیە کە لە پێوەندی لە گەڵ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکڕاینییەکە لە لایەن سپای پاسدارانەوە، دژ بە ڕێژیمی ئێران ئەنجام دراوە.