لە درێژەی شانۆگەرییەکانی ڕێژیمدا، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ئێران، دوای لێدوانی حەسەن ڕۆحانی، لە هەمبەر ئاشتی لە گەڵ ئەمریکا هەڕەشەی لە سێدارەدانی لە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کرد.
موجتەبا زولنووری، لە کاردانەوە بە قسەکانی حەسەن ڕۆحانی کە باسی وتووێژی لە گەڵ ئەمریکادا کردبوو، لە لاپەڕەی تویتێرەکەیدا دەڵێ: ڕۆحانی ئەگەر بۆ پاساو هێنانەوەی وتووێژ لە گەڵ دۆژمنەکانماندا، هۆکاری ئاشتی ئیمام”حەسەن” و “مەعاویە” دێنێتە بەر باس، ئەمڕۆ هەموو خەڵکی ئێران هەموویان، بە کەمتر لە لەسەرکار لابردن و سزادانی تۆ ڕازی نابن.
ناوبراو دەڵێ: بەم شێوە بیرکردنەوەی سەرۆک کۆمار، لە هەمبەر وتووێژ و ناوهێنانی ئیمام”حەسەن” ڕێبەری باڵا”خامنەیی” دەبێ بڕیار بدا کە هەزار جار لە سێدارەت بدەن، تا خەڵکی ئێران ئارام ببنەوە.
شایانی باسە کە قسەکانی “موجتەبا زولنووری” بە دوای ئەوە دا هات کە “حەسەن ڕۆحانی” ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە دانیشتنێکی شاندی حکوومەتەکەیدا باسی لە وتووێژ لە گەڵ ئەمریکا کردبوو.
حەسەن ڕۆحانی لەم دانیشتنەدا وتبووی: ئیمام”حەسەن” بە ئێمەی وتووە کە پیاوی شەڕ بین بۆ ڕۆژی شەڕ و پیاوی ئاشتی بین بۆ ڕۆژی ئاشتی، ئەگەر لە ڕۆژی ئاشتیدا شەڕمان هەڵبژارد ئەوە لە هەڵەداین و ئەگەر لە ڕۆژی شەڕدا ئاشتیمان هەڵبژارد ئەوە دووبارە هەڵەین، دەبێ لە کاتی خۆیدا شەڕ بکەین و لەکاتی خۆیدا ئاشتی هەڵبژێرین، لەم بارودۆخەی ئێستادا باشترین ڕێگا ئاشتی و وتووێژە لە گەڵ ئەمریکادا.
لە لایەکی دیکەوە، مۆجتەبا ڕەزاخا، نوێنەری بناژۆخوازەکان لە مەجلیسی ئێران، لە لاپەڕەی تویتێرەکەیدا دەڵێ: ڕۆحانی مێژووی ئێسلام شیدەکاتەوە، پێشتریش بە پشت بەستن بە ڕووداوەکانی کەربەلا، وتوویژی هەڵبژارد بەڵکوو گەمارۆکان لا ببات، هیچ نەیتوانی، گەمارۆکان زۆرتریش بوون لە سەر ئێران.
شایانی باسە کە ئەوە وەکوو سیاسەتێکی پرتووکا و و بێکەڵکی کۆماری ئیسلامیی لێهاتووە کە خۆیان وەکوو دوو باڵ نیشان بدەن و خەڵکی ئێرانی پێ چەواشە بکەن و بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا بەدەوام لە سیاسەتی بناژۆخواز و ڕێفۆرمخواز کەڵکیان وەر گرتووە، بەڵام هەموو راستییەکان بۆ بەشی هەرەزۆری خەڵکی ئێران ئاشکرا بووە .