هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، هاووڵاتییەکی بەلووچی خەڵکی شاری “مێهرێستان”یان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کوشت.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی مەدەنی بەلووچ، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی بەلووچ بە ناوی” محەممەد خاکی زێهی” کوری پیر محەممەد لە گەڕەکی هیزئاوای مێهرێستان، بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی رێژیم کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئاگاداربە کەمپەینەکەی راگەیاندووە کە، هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی ڕێژیم بە هۆی گومانلێکردن لە ماشینێک کە گوایە ماددەی هۆشبەری تێدایە تەقەیان لە ماشینەکەی “محەممەد” کردوەو ماشینەکەی ئاگری تێبەربوو.
هەروەها کەمپەینی چالاکانی بەلووچ ڕایگەیاند کە دوای تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و ئاگرگرتنی ماشینەکەی”محەممەد” هێزەکانی ڕێژیم ماشینەکەیان پشکنیوە و بۆیان دەرکەوتوە کە ماددەی سڕکەری تێدا نییە و بە خێرایی شوێنەکەیان بە جێهێشتووە.
شایانی باسە کە تەقەکردنی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بێ هۆکار لە خەڵکی بەلووچ بوەتە هۆکار بۆ ئەوەی کە ساڵانە بە سەدان کەسی بێ تاوانی خەڵکی بەلووچ بە تەقەی هێزەچەکدارەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست بدەن و برینداربکرێن.