وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ھێرشكردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دێموکرات و هەروەها ئاگرتێبەردان و سووکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستانی لە لایەن گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەركۆنە کرد و جەختدەكاتەوە، كردەوەی گرووپە میلیشیاكان سەقامگیری عێراق تێكدەدات و شەڕی نەتەوەیی و قەومی دروست دەكات.
مۆرگان ئۆرتیگاس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، بە توندی ھێرشكردنە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان و ئاگرتێبەردانی ئاڵای کوردستان لە بەغدا لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە ڕێژیمی ئێران پاڵپشتییان دەكات سەركۆنە دەكەن.
ئۆرتێگاس ئاماژە بەوەش دەكات، ئازادی ڕادەربڕین و قسەكردن لە بنەما و كۆڵەکەكانی ھەر دێموكراسییەكە و دەبێت لایەنە سیاسییەكان لە كێبركێیەكی تونددابن بۆ پاراستنی، بەبێ ھەڕەشە لەلایەن گرووپە میلیشیا گێرەشێوێنەكان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕاشیگەیاند چالاکییە تێكدەرانەكانی ئەو میلیشیایانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق کار دەکەن، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ئەمنی و ململانێی ڕەگەزی و تایفی و ژێرپێخستنی دیموکراسی.
شایانی باسە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرپرسی ئەمنیی بەغدای بە و بۆنەوە لە پۆستەکەی دوور خستەوە و دەیان کەسی دیکەش لەو پێوەندییەدا دەسبەسەرکراون و لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێ.