سەرۆکی ئەمریکا لە تازەترین تویتیدا کە هەرایەکی زۆری ناوەتەوە دەڵێ: “ئوسامە بن لادەن “هێشتا زیندووە و ئەوەی لە هێرشەکەدا کوژرا هاوشێوەکەی بووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەو تویتەی لە هەژمارێکی سەر بە گرووپی “کیو-ئانۆن”ەوە وەرگرتبوو کە گرووپەکە بەوە ناسراوە پشتگیری لە ترامپ دەکات و بیردۆزی پلانگێڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکاتەوە.
چالاکڤانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ریتویتەکەی ترامپیان بڵاوکردۆتەوە کە دەیسەلمێنێت ترامپ ئەو تویتەی لە هەژماری خۆی بڵاوکردۆتەوە.
ئێستا تویتەر ئەو تویتەی سڕیوەتەوە و هەژماری ئەو گرووپەی داخستووە کە بابەتەکەی بڵاوکردبووەوە.
بەرپرسێکی سەربازیی پلە باڵای ئەمریکا کە ئەندامی تیمی بکوژی بن لادەن بووە لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ” سی ئێن ئێن” ڕەخنەی لە ترامپ گرت و گوتی “ژمارەیەکی زۆری خەڵک یەکسەر بڕوا بە ترامپ دەکەن و رەنگە شتەکە بگاتە ئاستێک کە تەنیا مەترسییەکی سیاسی نەبێ.
ئۆنێل ئاماژە بەوەش دەکات کە “ناکرێت کەسێک تویتێکی لەو شێوەیە بڵاوبکاتەوە لە کاتێکدا کە ئەو ژمارە زۆرەی شوێنکەوتووی هەیە، بە تایبەتیش کاتێک بابەتەکە بەم راددەیە هەستیار بێت، هەندێ کەس هەن قسەکانی ترامپ بە پیرۆز دەزانن.
جێگای ئاماژەیە کە ساڵی ٢٠١١ باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کوژرانی ئوسامە بن لادن، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدەی لە پرۆسەیەکی تایبەتی هێزە کۆماندۆکانی وڵاتەکەیدا، لە ناوچەی وەزیرستانی پاکستان راگەیاند.
جێگای ئاماژەیە کە دوو رۆژ لەمەوبەر ترامپ لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئێن بی سی، پرسیاری لێکرا کە بۆچی ئەو تویتەی بڵاوکردۆتەوە، ترامپ لە وڵامدا گوتی کە ئەوە تویت نەبووە و ڕیتویت بووە، شتەکەی وەک خۆی وەرگرتووە و بڵاویکردۆتەوە بۆ ئەوەی خەڵک خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن.