رۆژی هەینی ٢٥ی ڕەزبەر دایە ئەشرەفی ئەمیری دایکی شەهیدان لەیلا و ڕەزا خالدیان لە شاری سنە بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
دایە ئەشرەفی و هاوسەری کۆچکردووی کاک عەبدوڵا خالدیان دوو کەس لەو دایک و باوکە بە جەرگانەی کوردستان بوون کە هەردەم شانازییان بە رێگا و ڕێبازی کوڕ و کچە شەهیدەکانیان دەکرد و تا دوا هەناسەش وەفادار بە ڕیگا و ڕێبازیان مانەوە و بە داخەوە ئەجەل دەرفەتی ئەوەی پێ نەدان کە وەدی هاتنی ئامانج و ئاواتی ڕۆڵەکانیان کە ڕزگاری کوردستانە ، بە چاو ببینن.
شەهید سەعدیە خالدیان ناسراو بە لەیلا پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە ساڵی ١٣٦٨ لە کاتی مەئمووریەتێکی حیزبیدا لە شاری سەقز بە دیل گیرا و پاش چەند مانگ ساڵی ٦٩ لە زیندانی شاری سنە لە سێدارە درا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کوردستان بوو.
شەهید ڕەزا خالدیان پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو کە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٦٦ لە گوردانی شوان شەهید بوو و چووە ریزی شەهیدانی گەلەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە ئەشرەفی سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.