ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، دارستانەکانی شاخی “دەڕنە و دۆڵێی، شاری سەلاسی باوەجانی لە ئاگردا سووتان و خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە.
بەپێی سەر چاوەکانی هەواڵ، داوی ئەوەی کە دارستانەکە ئاگری تێبەربوو دانیشتووانی ئەو ناوچەیە داوایان لە خەڵک کردووە بە هانایانەوە بچن بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە شوێنی ئاگرەکە زۆر هەوراز و سەختە و ڕووبەرێکی زۆری گرتووەتەوە، داوامان لە هەموو خەڵکی ئەو ناوچەیە و ژینگە دۆستان کردووە بە هانای سرووشتی کوردستانەوە بچن.
شایانی باسە چەند تیمێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی زاگرۆس تا درەنگانی شەو خەریکی کوژاندنەەی ئاگرەکە بوون کە بە داخەوە سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی ئەو کەسانەش دەیان هێکتار لەو دارستانانە لە ئاگردا سووتاون.
شایانی باسە کە ئاگرتێبەردان لە ژینگەی کوردستان وەکوو سیاسەتێکی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژبەڕۆژ پەرەدەستێنێ و هەموو هەوڵی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ لە نێوبردنی ژینگەی کوردستان و دزی و تاڵانی سەرچاوەی داهاتەکانی کوردستانە.