ئەمریکا : کڕینی سیستمی “ئێس ٤٠٠”ی ڕووسی لە لایەن تورکیەوە هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر جیهان و ناوچەکە و ئەم کارە ئاکامی باشی بۆ دەوڵەتی تورکیە نابێ.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ساڵی ڕابردوو هۆشداری بە ڕەجەب تەیێب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە دابوو کە کڕینی سامانەی مووشەکی ئێس٤٠٠ لە ڕووسیە دەبێتە هۆکاری سەرەکیی ئەوەیکە ئەمریکا تورکیە بخاتە نێو لیستی گەمارۆکانیەوە..
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢٥ی رەزبەری ٩٩ی هەتاوی وێڕای مەحکووم کردنی هەوڵی تورکیە بۆ تاقیکردنەوەی سامانەی مووشکی ئێس ٤٠٠ کە لە ڕووسیەی کڕیوە وتی: ئەم کارەی تورکیە هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر جیهان و ناوچەکە و ئەم کارە ئاکامی باشی بۆ دەوڵەتی تورکیە نابێ.
بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاکامی کاراکردنەوە و تاقیکردنەوەی سامانەی مووشەکی ئێس٤٠٠ی ڕووسیە لە تورکیە، سەرەڕای دژایەتیکردن و هەڕەشەکانی واشینگتۆن، دەبێتە هۆکاری سەرەکیی بۆ ئەوەی ئەمریکا تورکیە بخاتە نیو لیستی گەمارۆکانیەوە.
لە لایەکی دیکەوە تورکیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هۆشداری دابوو کە هاتۆچوو لە ئاسمان و لە ڕووبەڕووی کەنارئاوەکانی تورکیە بە هۆی تاقیکردنەوەی سامانەی مووشەکی بەرگریی ئێس٤٠٠وە قەدەغەیە.
سەرەڕای دژایەتی و هەڕەشەکانی ئەمریکا، هەوڵی تورکیە بۆ کڕین و تاقیکردنەوەی سامانەی مووشەکی ئێس ٤٠٠ بە دوای ئەوەوە هات کە ئەم وڵاتە لە کەیسگەلێکی جۆراوجۆردا، وەکوو دەستێوەردان لە لیبی، هەڵکۆڵینی دەریای مەدیتەرانە بە مەبەستی دۆزینەوەی نەوت و گاز، پێوەندییە خراپەکانی لە گەڵ یەکیەتی ئورووپا و بەم دوایانەشدا دەستێوەردانەکانی لە شەڕی ناوچەی قەرەباغ تۆمەتبار ناسراوە و بەم هۆیانەوە ئەمریکا ئیزن بە تاقیکردنەوەی سامانەی مووشەکی بە تورکیە نادات.
لە لایەکی دیکەوە بە هۆی گرتە ڤیدیۆیەکەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیە لە کەنارئاوەکانی دەریای ڕەش سەرقاڵی تاقیکردنەوەی سامانەی مووشەکیی ئێسی ٤٠٠ڕووسییە.
ئەم کارەی تورکیە، کڕینی سامانەی مووشەکیی و کاراکردنەوە و تاقیکردنەوەی بۆتە هۆکاری ساردبوونەوەی پێوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیە.
ئەمریکا تورکیە بەوە تاوانبار دەکا کە ئەم کارە دژایەتی ڕێککەوتنی ئاتلانتیک “ناتۆ”یە و بەهیچ شێوەیەک لە تورکیە قەبوڵ ناکەین.
ئەمریکا زیاتر لەوە نیگەرانە کە کڕین و کاراکردنەوەی سامانەی مووشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕووسیە لە تورکیە زیاتر تورکیە هاندەدات سەرەڕۆتر بێت و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا زیاتر بکا.