بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، هەناردەکردنی جلوبەرگی ئێرانی بۆ وڵاتانی دەرەوە بە تەواوەتی ڕاگیراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری “مێهر” ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەزبەری٩٩ی هەتاوی، چالاکێکی پیشەی جلوبەرگ ڕایگەیاندوە کە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان، تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا و گرانیی جلوبەرگ، فرۆشتنی جلوبەرگ لە ناوخۆدا لە سەتا ٦٠ دابەزیوە و هەناردە کردنی جلوبەرگ بۆ وڵاتانی دەرەوە گەیشتە سیفر.
مەهدی ڕەهبەری، چالاکی پیشەی جلوبەرگ لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەری” مێهر” لە هەمبەر بارودۆخی بازاڕی فرۆشتن و هەناردەی جلوبەرگ لە ئێران وتی: بە هۆی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆناوە، چوونە سەرەوەی نرخی جلوبەرگ، کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک و باری ئابووری خراپ، شاهیدی دابەزینی زۆری کڕیاری جلوبەرگین لە ئێراندا.
هەروەها ناوبراو دەڵێ: بە هۆی قەیرانی ئابووری و تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆناوە کڕیارانی جلوبەرگی ڕەسمی”کۆت و شەڵوار” کە زیاتر بۆ بۆنەکانی ئاهەنگ گێڕان و بۆنە ماتەمینیەکان خواستی زۆری لە سەر بوو، ئێستا کڕیاریان زۆر کەمە و بە جۆرێک کە کڕیاری جلوبەرگی ڕەسمی لە ناوخۆی ئێران لە سەتا ١٠ش نیە.
ڕەهبەری بە ئاماژە بە هەناردەکردنی جلوبەرگ بۆ وڵاتانی دەرەوە دەڵێ: هەناردە کردن گەیشتۆتە سیفر و تەنیا دەتوانین جلوبەرگ بۆ وڵاتانی ئەفغانستان، عێراق و سووریە هەناردە بکەین، ئەویش بە شێوەی گۆڕینەوە لە سنوورەکان و ناتوانین بە هۆی گەمارۆکانی سەر ئێرانەوە بە دراوە جیهانییەکان لەو سێ وڵاتەش بازرگانی بکەین تەنیا بە پارەی ئەو سێ وڵاتە نەبێ و ئەویش ناتوانین نێوی هەناردەکردنی لە سەر دابنێین.
ناوبراو دەڵێ: هۆکاری سەرەکی کە ناتوانین جلوبەرگ هەناردە بکەین، گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێرانە کە کەرەستەی پێویست زۆر بە سەختی و هێندێک جاریش دەستمان ناکەوێ بۆ درووست کردنی جلوبەرگ و لە لایەکی دیکەیشەوە پێوەندییە بانکییەکانمان لە گەڵ هەموو جیهان بە هۆی گەمارۆکانەوە پچڕاوە و تەنانەت ئەگەر ڕێگایەک بۆ هەناردە ببینینەوە، ناتوانین پارەکەی وەر بگرینەوە.
ڕەهبەری دەڵێ: هەناردەکردن بە مانای فرۆشتنی کەلوپەلە بە هەموو وڵاتانی جیهان و لە ڕێگەی بانکەکانەوە زیاتر پارەی هەناردە و هاوردە دەگوازرێتەوە کە لە ئێستادا ئێمە ناتوانین بە هۆی گەمارۆکانەوە هیچ شتێک هەناردە بکەین بۆ وڵاتانی دەرەوە بۆیە ئاستی هەناردەکردنمان بۆ وڵاتانی دەرەوە گەیشتۆتە سیفر.