بەرپرسێکی کۆمپانیای”پیمێنت٢٤” بۆ ئاسانکاری دارایی، کە دووساڵ پێش لە لەندەن دەسبەسەر کرابوو بە هۆی پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، سزای ٢٣ مانگ زیندانی بە سەردا سەپا.
بە پێی ڕاپۆرتی”ئاسۆشیتێدپرێس” سەجاد شەهیدیان، بەرپرس و دامەزرێنەری٣٣ ساڵەی کۆمپانیای دارایی”پیمێنت٢٤” بە تاوانی سپیکردنەوەی پارە و پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، لە دادگایەکی ئەمریکا سزای٢٣ مانگ زیندانی بە سەردا سەپا.
ناوبراو ٢ ساڵ پێشتر لە لایەن دەزگای قەزایی لەندەنەوە دەسبەسەرکرابوو و سەرەتای ئەمساڵ بە هۆی داواکاری ئەمریکاوە بە تاوانبار ناسرا و “حەمید بەعیدینژاد” باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە لەندەن ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردۆتەوە.
دادئەستێنی ئەم کەیسە”سەجاد شەهیدیان”ی بە تۆمەتی درۆ کردن لە گەڵ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان و کەڵک وەرگرتن لە پاسپۆرتی ساختە و بەڵگەی ساختە بۆ گواستنەوەی پارە بۆ ئێران و پێشێلکردنی گەمارۆکان بە تاوانبار ناو برد.
ئێریکامەک دۆناڵد، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە شەهیدیان” بە هۆی بازرگانی کردنی نایاسایی لە ئێران، بەرپرسێکی جێبەجێکار و پلە باڵا و میلیۆنێرە، هاوکات میدیاکانی کۆماری ئیسلامی، سەجاد شەهیدیان وەکوو کارناسێکی باڵای دارایی و بانکی ناو دەبەن.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە”شەهیدیان” بە کردنەوەی سەدان ژمارە حیسابی”پی پێڵ” بە نوێنەرایەتی لە مشتەرییەکانی کۆمپانیای”پیمێنت٢٤” کە هەموویان دانیشتووی ئێران بوون، گواستنەوەی میلیۆنان دۆلاری بۆ ئێران وەئەستۆ گرتووە.
شایانی باسە کە دادگای فیدراڵی ئەیالەتی”مینەسووتا” شەهیدیان و “وەحید وەلی” و کۆمپانیاکەیانی بە تۆمەتی پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا، سپیکردنەوەی پارە، دزی و کڵاو لە سەرنانی دارایی لە ڕێگای ئینتێرنێتەوە بە تاوانبار ناساندووە و سزای٢٣ مانگ زیندانی بە سەردا سەپاندوە.
جێگای ئاماژەیە ڕۆژنامەی”واڵ ئێستریت ژورناڵ” لە ڕاپۆرتێکدا لە سەر کۆمپانیای”پیمێنت٢٤” کە لە ژێر بەرپرسایەتی و چاوەدێری “شەهیدیان”دا بووە ڕایگەیاند کە دادگاە ئەم کۆمپانیایەی بە هۆی یارمەتیدانی هاووڵاتیانی ئێرانی بە مەبەستی دەور لێدانی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٩ ساڵدا بە تاوانبار ناساندووە.