چاونیوز: دوو هاونیشتمانی خەڵکی کرماشان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی پاسگای گەڕەکی “دەوڵەتاوا”ی ئەو شارەوە تەقەیان لێکرا و یەکیان گیانی لەدەستدا و یەکیان بریندار بوو.
بەپێێ هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، ماشینی دوو هاونیشتمانیی گەڕەکی دەوڵەتاوی کرماشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی پاسگای ئەو گەڕەکەوە تەقەی لێکرا و لە ئاکام دا کوڕێکی لاو بە ناوی “ئەشکان عەزیزی” گیان لەدەستدەدا و هاوڕێیەکی دیکەی بەناوی “بورهان عەزیزی” بە سەختی بریندار دەکرێ.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ هێزەکانی ڕێژیم بە پاساوی ئەوەیکە ماشینی ئەو دوو لاوە پلاکی نەبووە تەقەیان لێکردوون، دوای تەقەکەش لە ترسی کاردانەوەی خەڵکی ئەو گەڕەکە و بۆ شادنەوەی ڕاستیی ڕووداوەکە خێرا شوێنەکەیان بەجێ هێشتووە و هەڵهاتوون
شایانی باسە کە خەڵکی ئەو گەڕەکە بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر و هەڵگیرسانی مۆم، بێزاری خۆیان لەو ڕێژیمە و کردەوەی نامرۆڤانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی دەربڕی.
جێگای ئاماژەیە کە لە شەوی ١٨ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە شەهریاری تاران لاوێکی خەڵکی سنە بە ناوی کەژوان ئەڵماسی، لە نێو ماشینی هێزەکانی ڕێژیم و کاتی گواستنەوەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعات ڕاستەوخۆ دەدەنە بەر گوللـە و گیانی لێ دەستێنن و گوشارێکی زۆریشیان خستۆتە سەر بنەماڵەکەی کەژوان بۆ بێدەنگ کردنیان و بە لاڕێدا بردنی کوشتنی ئەو لاوە کوردە.